مانگێک بەسەر رووداوەکانی کەرکووک تێدەپەڕێت و حکومەتی عێراق تائێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرانەکردووە

خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی کەرکووک - وێنە: K24
خۆپیشاندانەکانی مانگی رابردووی کەرکووک - وێنە: K24

K24 - هەولێر:

زیاتر لە مانگێک بەسەر رووداوەکانی کەرکووک تێدەپەڕێت کە ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی شارەکە شەهید و برینداربوون و تائێستاش لیژنەکانی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق پێکهات بۆ دەرخستنی راستییەکان، هیچ ئەنجامێکیان ئاشکرانەکردووە و لێپرسینەوەی یاساییش لەگەڵ هیچ کەسێک نەکراوە.

لە خۆپیشاندانەکەی سەرەتای مانگی رابردوو، ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی دانیشتووی شاری کەرکووک، کە بەشێوەیەکی ئاشتییانە چەند داواکارییەکیان لە ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە هەبوو لەلایەن هێزە ئەمنییە عێراقییەکانەوە، بە چەک وەڵامدراوەنەوە بۆ بڵاوەپێکردنیان و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان.

هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.

بۆچی خۆپیشاندان لە کەرکووک کرا؟

دوای فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

داخستنی شاڕێی شارەکە، کاریگەری تەواوی لەسەر راگرتنی کار و کەسابەتی هاووڵاتییان دروستکرد و بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگیش لە هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر، بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێزاری و بارگرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانەکەی دروستکرا، ئەمەش وایکرد هاووڵاتییان سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو بێڕێزی و دەستدرێژییانەی لەناوچەکانیان دەکرێت، داوای کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکەن کە دروستکراوە.

لە کاتی خۆپیشاندانەکەش کە کوردستان24 رووماڵێکی فراوانی کرد، ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان وەک کورد خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگری و دژایەتییانەی بەشێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و هەندێک لەلایەنە شۆڤێنییەکانی شارەکە لە دژی دانیشتووانی کورد ئەنجامی دەدەن.

خۆپیشاندەرانی کەرکووک دووپاتیانکردەوە، ئەوانەی ئێستا لەبەردەم باڵەخانەی داگیرکراوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک کۆبوونەتەوە و دروشم دژی کورد دەڵێنەوە و ئاڵای کوردستان لەسەر ئۆتۆمبێلەکان دادەگرن، ئامانجیان داگیرکردن و دەرکردنی هەموو کوردە هاوشێوەی ئەوەی رژێمی پێشوو لە شارەکە ئەنجامیدا، بەڵام لەژێر بیانووی ئەوەی دژایەتی گەڕانەوەی پارتی دەکەن بۆ کەرکووک.

لە کەرکووک چی روویدا؟

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ، بەڵام لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە رێگرییان لێکرا بە هێز وەڵامیانداوە و ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

دوای ئەوەش، محەممەد شیاع سوودانی لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هەموو لایەنەکان کرد سەقامگیری کەرکووک بپارێزن، قەدەغەی هاتووچۆشی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە شارەکە راگەیاند و پێکهێنانی لیژنەییەکی لێکۆڵینەوەی بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانیان کردووە راسپارد.

بۆ ماوەی چەندین رۆژیش لەدوای رووداوەکە، لە ترسی بەردەوامی ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکە، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان لەناو شاری کەرکووک، بەتایبەتیش لە دەوروبەری قەڵای کەرکووک و گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاوەیان پێکرا و شارەکەیان کرد بە سەربازگە.

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکان

لە یەکەم کاردانەوەدا، سەرۆک بارزانی لە رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم جۆرە رەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت".

سەرۆک بارزانی، داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کردووە، سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.

لەلایەن خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، :بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین، سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین، کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتەسەر".

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرد بە پەلە کۆنترۆڵی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و چیتر رێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن.

لەلایەن خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و داوایکرد لايه‌نه‌ ئه‌منييه‌كانى شاره‌كه،‌ بێ جياوازى ئارامى و سه‌قامگيرى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بپارێزن و رێگه‌ له‌ پشێوى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى ئه‌منی شاره‌كه‌ بگيرێت، هه‌روه‌ها به‌دواداچوون و لێپێچينه‌وه‌ى ياسايى به‌رامبه‌ر ته‌قه‌كه‌ران بكرێت كه شه‌هيد و بريندارى لێكه‌وته‌وه‌.

پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا و تائێستا ئەنجامی نییە

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزە یاساییەی پەرلەمانی عێراق، لەسەر داوای پەرلەمانتارانی کورد، بڕگەی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی ئەمنی و رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک بۆ کارنامەی دانیشتنەکە زیادکرا.

لەلایەن خۆیەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراقی راسپارد سەردانی پارێزگای کەرکووک بکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییە و خستنەڕووی راستییەکان و راپۆرتێک لەوبارەیەوە بۆ پەرلەمانی عێراق ئامادە بکەن.

رۆژی (12ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک پەرلەمانتاری لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، سەردانی کەرکووکیان کرد و لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک کۆبوونەوە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە راستی رووداوەکان.

کەچی بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، تاوەکو ئێستا ئەو لیژنەیە راپۆرتی خۆی لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق نەکردووە.

هەرچەندە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە (9ـی ئەیلوولی 2023) پشتیوانی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق کرایەوە، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان لە رووداوەکانی کەرکووک و بە پێویستیان دانا کە راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و هەموو ئەوانەی تێوەگڵاون لە رووداوەکان، سزابدرێن لەژێر هەر ناو و ناونیشانێکدابن.

کاردانەوە نێودەڵەتییەکان لەبارەی رووداوەکانی کەرکووک

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا ئاڵۆزییەکانی کەرکووکی تۆمارکرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات دەرئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان رابگەیەنێت و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و بەڵگەی سەلمێندراویان لەسەر هەیە، لە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەدا بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

لەلایەن خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رۆژی (3ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، لە رووداوەکانی کەرکووک نیگەرانن و چاودێری دۆخی شارەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەشکرد، ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ كه‌ركووك كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیری ته‌واوی عێراق ده‌بێت.

هەروەها رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023)، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی کەرکووک هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی کەرکووک دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکەی شاری کەرکووک دەکەین".

خۆپیشاندان لە کەرکووک - 2-9-2023
خۆپیشاندان لە کەرکووک - 2-9-2023