ئیخلاس دلێمی: لە چەند رۆژی داهاتوودا 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، رەنگە عێراق 2.1 ترلیۆن دیناری دیکە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی سێ مانگی دیکە، هاوکات گوتیشی: وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق سیاسەتی ئابووری گونجاوی نییە و وەزیری دارایی عێراقیش رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر ئەوە داوە کە مووچەی مانگی 9 و 10 و 11ی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەها پێویستە مووچە بۆ مانگەکانی 7 و 8 و 12ـش بنێردرێت واتە سێ مووچە دەمێنێت پێویستە پێش کۆتایی ساڵ بنێردرێت، پێویستە جگە لەم قەرزە، قەرزێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵی بڕیارەکیدی بدات بۆ ئەوەی 1.3 ترلیۆن دینار بنێرێت بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی کە ماوە، پێشموایە دوای ناردنی مووچەی مانگی 11 ئەو شتە روودەدات.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هاوکات راشیگەیاند، دەبێت لە 7ـی مانگ تا 13ـی ئەم مانگە، حکومەتی فیدراڵی مووچەی مانگی 10 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، لە هەمانکاتیشدا لە مانگی 11 هەمان سیناریۆ جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و پێشموایە ئەو شتە روودەدات.

ئیخلاس دلێمی، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، حکومەتی فیدراڵی پارەی دوو مانگ قەرزدارە جگە لەو سێ قەرزەی کە دەنێرێت، کەواتە پێموایە ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەو شێوەیە بەردەوام بێ قەرزێکی دیکە پەسەند دەکرێت کە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ سێ مانگی داهاتوو بۆ ئەوەی پێدانی مووچە لەمساڵ تەواو بێت، بە دڵنیاییەوە ئەم رێکەوتنە بۆ ئەمساڵ جێبەجێ دەکرێت.

لەبارەی هەوڵی راستەوخۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی: حکومەتی عێراق ناتوانێت لە رووی دەستووریەوە ئەم کارە ئەنجامبدات، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە بۆیە ناکرێت مووچەکانیان راستەوخۆ بە مووچەی فیدراڵی ببەسترێتەوە، ئەو کەسانەشی کە واژۆیان کردبوو لەسەر هەوڵی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە هەر ئەو پەرلەمانتارانە بوون کە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بوون لە بودجەدا، ئەوانە ئەو کەسانەن کە ئاستەنگیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە دروستکردووە.

گوتیشی: لەو کاتەوە کە نەوت رادەستی بەغدا کراوە ئابووری بەرەو دوواوە چووە، مووچەکان هەمیشە دوا دەکەون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەس باشتر دەزانێت بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان چی دەخوازێت، بۆیە هەمیشە لەپێناو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جەنابیان بڕیاری دروست دەدات.

لەبارەی یاسای بودجەوە، ئیخلاس دلێمی رایگەیاند، یاسای بودجە تاوەکوو ئێستا جێبەجێ نەکراوە بەپاساوی ئەوەی تا ئێستا پارەدارکردن نییە، نەک تەنیا  لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی دیکەش، هەرێمی کوردستان بڕە پارەیەکی بۆ نەهاتووە جگە لەم قەرزەی کە پێی دراوە، رەنگە هۆکارەکان زۆر بن بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دوابکەوێت، لەو نزیکانە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکانی عێراق ئەنجامدەدرێت بۆیە پێموایە حکومەتی عێراق نایەوێت یاسای بودجە بخاتە بواری جێبەجێکردن بۆ ئەوەی نەبێتە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

هاوکات راشیگەیاند، یاسای بوودجە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەچێتە بواری جێبەجێکردن، ئێمە لەگەڵ پارێزگارەکانی پارێزگاکانی عێراق جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە یاسای بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردن، پێموایە ئەو شتەش روودەدات.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، پارێزگارەکان باسیان لەوە کردووە، کە تاوەکوو ئێستا هچ بڕە پارەیەکیان بۆ رەوانە نەکراوە جگە لە پارێزگای بەسرە کە 500 ملیار دیناری بۆچووە کە ئەمەش بەشێک نییە لە بودجە، بەڵکو شیوازێکی دیکەیە لە دابینکردنی شایستە داراییەکان، پاساوی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئەوەیە نەختینەی پێوستیان نییە بۆ خەرجکردنی بودجە، ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین لەسەر ئەو پرسە.

ئیخلاس دلێمی، دەڵێت: سوودانی سێ رۆژ پێش ئێستا فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی یاسای  بودجە، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی کاری پێویستی ئەنجامنەداوە بۆ خەرجکردنی بودجە، بۆیە پارێزگارەکانیش گلەیی لە وەزیری دارایی دەکەن کە بۆچی پارەکە سەرف ناکات، ئێمە چاوەڕێ دەکەین خۆی روونکردنەوە بدات لەسەر ئەو پرسە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی کێشەی نەبوونی دیدگایەکی ئابووری هەیە، سیاستەێکی ئابووریمان نییە لەسەر ئاستی عێراق، وەزارەتی دارایی هەمیشە ئاستەنگ بووە لە زۆر شت، هەرجارەو بیانووێک دەبینێتەوە، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگارەکان جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە وەزارەتی دارایی سیاسەتێکی ئابووری گونجاوی هەبێت، بەڵام وەزارەتی دارایی ئێمە هیچ سیاسەتێکی ئابووری گونجاوی نییە، هیچ ستراتیژیەکی گونجاوی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتەکان نییە.

ئیخلاس دلێمی، گوتی: ئێمە وەزارەتی داراییمان نییە بەڵکو ئێمە شوێنکمان هەیە تەنیا وەک بانک وایە ئەگەر پارە هەبێت دابەشی دەکات ئەگەر نەبێت دەوەستێت، بۆیە ئێمە قەیرانمان هەیە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەمان کردووە کە چارەسەرێک بدۆزیتەوە لە بەرامبەر ئەو کارانەی کە وەزیری دارایی کە دەیکات.

ناوبراو لەبارەی بودجەش دووپاتیکردەوە، بودجە کێشەیەکی گەورەی تێدایە بە زۆرینە تێپەڕێندراوە، زۆرینەیەک کە هەموو لایەنێکی تێدا نەبووە، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوڕانەبوو لەسەر ئەو ماددانەی کە لە یاسای بودجەدا هەبوو تایبەت ئەو ماددانەی کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، تاکە پارت کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بەو ماددانە نەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام پارتەکانی دیکە دەنگیان بە ماددەکاندا، دیدگای سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەک دوو پلان کە جەنابیان ئاماژەی پێداوە، هەروەها پیویستە خەرجی راستەقینە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەیەکدی جیا بکرێنەوە.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، روونیکردەوە، کێشەی زۆر گەورە لە بودجەدا هەیە و لە ئێستادا بووەتە شتێکی حەتمی کە بەڵێ پێویستە یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە بودجەدا هەیە پێویستە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە بۆیە ئەگەر هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەت هەبێت یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.