رووسیا خستنەخوارەوەی مووشەکێکی ئۆکرانیای راگەیاند

ئەرشیف - فۆتۆ: رۆیتەرز
ئەرشیف - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزی بەرگری ئاسمانی رووسیا توانیویەتی مووشەکێکی نێپتونی ئۆکرانیا لە باکووری رۆژئاوای دەریای رەش، لە کەنارئاوەکانی نیمچە دوورگەی کریمیا بخاتە خوارەوە.

هاوکات میخایل رازڤۆژایێڤ، پارێزگاری کریمیا رایگەیاندووە، چەند پارچەیەکی درۆنێک، کە لەلایەن بەرگری ئاسمانییەوە خراوەتە خوارەوە، کەوتوونەتەوە سەربانی باڵەخانەیەک.

پارێزگاری کریمیا ئاشکراشی کردووە، هیچ کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار نەبووە.

بەم دواییانە، ئۆکرانیا بەردەوام کریمیا و بەندەرەکانی ئەو هەرێمەی لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە کردووەتە ئامانج.

دوای زیاتر لە ساڵێک جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، سوپای هەردوو وڵات هێرشی درۆنیان بۆ سەر یەکتر دەستپێکردووە، هەندێک جاریش لەناو شارەکان لە رێگەی درۆنەوە ئامانجەکان دەپێکن.

لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، لەوکاتەوە جەنگ لەنێوان ئەو وڵاتە بەرەدەوامە و لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر تەواوی جیهان.