فەرەنسا کەرەستەی سەربازی بۆ ئەرمینیا دابین دەکات

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەرمینیا رایگەیاند، پاریس رازیبووە کەرەستەی سەربازی رەوانەی ئەرمینیا بکات.

کاترین کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پاریس رەزامەندی دەربڕیووە، کەرەستەی سەربازی رەوانەی ئەرمینیا بکات بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیشکمان خستە سەر دۆسییە ئەمنیەکان، هەروەها فەرەنسا رەزامەندی دەربڕی لەسەر واژۆکردنی چەند گرێبەستێک لەگەڵ ئەرمینیا بۆ رادەستکردنی چەک و تەقەمەنی، تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات.

وەزیرەکەی فەرەنسا جۆری کەرەستە سەربازییەکانی ئاشکرا نەکرد، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە پاریس لەم رووەوە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بۆ هەردوولا ئەوکارە دەکات. گوتیشی: ئازەربایجان بەهۆی داهاتی نەوت و پاڵپشتی تورکیا، لە خۆ پڕچەککردن نەوەستاوە.

ئازەربایجان لە مانگی ئەیلوولدا هێرشی کردە سەر جوداخوازەکانی ئەرمینیا لە ناگۆرنۆ قەرەباخ و بەسەریاندا سەرکەوت، دوای ئەوەش ئەرمینیا لە ترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەگەڵ دراوسێکەی رەتیکردەوە هاوکاریی جوداخوازەکان بکات.

لەساڵی 2020 دا، شەڕێکی قورس لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا روویدا و کوژرا و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە، دواتر بە نێوەندگیری رووسیا شەڕەکە راگیرا.