لێدوانی وەزارەتی دارایی لەبارەی بانگهێشت کردنی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەبارەی بانگهێشت کردنی وەزیری دارایی بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، تائێستا بە فەرمی هیچ بانگهێشت نامەیەکیان بەدەست نەگەیشتووە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەبارەی بانگهێشت کردنی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، تا ئێستا بە فەرمی هیچ بانگهێشتنامەیەکمان بۆ نەهاتووە تاوەکو هەڵوێستی خۆمان لەبارەی چوون یان نەچوون بۆ لیژنەی دارایی رابگەیەنین".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی، گوتیشی: "هەر کاتێک بە فەرمی لەلایەن لیژنەی دارایی بانگهێشت کراین، لەسەر ئەو بابەتە بڕیار دەدەین".

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر، میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بکات، بۆ ئەوەی تێڕوانینی خۆی لەسەر ئەو پرسە بخاتە روو، هەروەها  تێڕوانینی هەردوولا پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت".

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە ماوەی رابردوودا، لەسەر پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی چەند لایەنێکی حکومەتی فیدراڵی کردووە، کە بریتین لە وەزیری دارایی عێراق، لیژنەی دانوستان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای سۆمۆ، بۆ ئەوەی تێڕوانینی ئەوان لەسەر ئەو پرسە بزانن.

بە گوتەی نەرمین مەعروف، بانگهێشت کردنی ئەو لایەنانە لەسەر داوای فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە، بە ئامانجی چارەسەرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران، بۆیە داواشیان کردووە، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێروانینی خۆی بخاتەڕوو.