کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: کار دەکەین بۆ دابینکردنی سیستەمی دژە مووشەک و درۆن بۆ هەرێمی کوردستان

سیستەمێکی دژە درۆن
سیستەمێکی دژە درۆن

K24 - واشنتن:

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا بە کوردستان24ـی راگەیاند، کار دەکەن بۆ دابینکردنی سیستەمی دژە مووشەک و درۆن بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو بتوانێت خۆی بپارێزێت.

دۆن بەیکۆن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان لەسەر بەردەوامی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ کوردستان پێداگری دەکەنەوە و باسی لەوەش کرد، لەسەر پرۆژەی دابین کردنی سیستەمی دژی موشک و درۆن بە کوردستان کار دەکەن تاوەکو هەرێمی کوردستان بتوانێ لەو هەڕەشانە خۆی بپارێزێت.

دۆن بەیکۆن کە ماوەیەک لە سوپای ئەمەریکادا لە عێراق خزمەتی کردووە، گوتی: لەکاتی ئەرکەکەمدا لە عێراق، کورد باشترین هاوپەیمانی ئێمە بوون و پێکەوە کارمان دەکرد، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ کورد هەیە.

ئەو کۆنگرێسمانە هیوای خواست ئەمەریکا سیستەمی بەرگری ئاسمانی بداتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کورد لە بەرانبەر هێرشی مووشەک و درۆنی پارێزراو بن.

لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، وڵاتانی دراوسێ چەندین جار بە بیانووی جیاواز لەرێگەی فڕۆکەی جەنگی و مووشەک و درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سەرەوری عێراقیان پێشێل کردووە.

دۆناڵد جۆن بەیکۆن، تەمەنی 60 ساڵە و کەسایەتییەکی سیاسی ئەمەریکی و ئەفسەرێکی خانەنشینێکی سەربازییە و لە 2017ـەوە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکایە.