ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی مامۆستایانە

K24 - هەولێر:

لە ساڵی 1994ـەوە رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی مامۆستایان دیاری کراوە.

مامۆستا و قوتابی هەردوو کۆڵەکەی سەرەکی پەروەردەن، لە نێوانیشیاندا مامۆستا بکەرە سەرەکی و کاریگەرەکەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە.

لە هەرێمی کوردستان، مامۆستایان ئەرکی خۆیان وەک و پەروەردکارێک جێبەجێ دەکەن کە رێگا خۆشکەرە بۆ ژینگەیەکی تەندروستی فێرکاری و قوتابیان ئاشنا بە مەعریفە و زانست دەکەن .

رەفتار شەهاب و نەوگوڵ خەسرۆ کە هەردوو مامۆستان لە شاری هەولێر بە کوردستان24ـیان راگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بەهۆی کردنەوەی خولی نوێ بۆ مامۆستایان بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و ئاستی زانستی و شێوازی وانە گوتنەوەیان، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو گۆڕانکاری لە شێواز و کوالێتی وانە هۆکاربووە بۆ قوتابیان باشتر وانەکان وەربگرن و سودی زۆرتر  وەربگرن .

ژیلە هیوا و ساڕێژ بەهرەم، دوو قوتابی شاری هەولێر، سەبارەت بە ئەرک و ماندوبوونی مامۆستایان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، بە کوردستان24ـیان راگەیاند: فێرکردنێکی باش ئاوات و پاشەڕۆژ و ژیانێکی باش بەرهەم دەهێنێت، پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت بەبێ بوونی مامۆستایانی دڵسۆز و شیاو پەروەردە و فێرکردنێکی باش بەرهەم نایەت.