بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رێژەی کیسەڵە مێیەکانی لە یەمەن زیادکردووە

بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رێژەی کیسەڵە مێیەکانی لە یەمەن زیادکردووە
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رێژەی کیسەڵە مێیەکانی لە یەمەن زیادکردووە

K24 - هەولێر

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان، ژمارەی نێرینەیان لەناو کیسەڵەکانی یەمەندا کەمکردووەتەوە و رووبەڕووی هەڕەشەی لەناوچوونی کردوونەتەوە.

کەناراوەکانی ئەل مەحرای یەمەن مۆڵگەی ژیانی هەزاران کیسەڵن. کیسەڵەکان سروشتییان وایە هێلکەکانیان لەژێر لمی کەنار دەریاکان هەڵدەگرن، بەڵام ئەم وەرزە شتێکی سەرسوڕهێنەر لەناویاندا هەستی پێ کرا، ئەویش بەرزبوونەوەی رێژەی مێیە لەناوی کیسەڵەکاندا بەبەروارد بە نێر؛ زیندەزانان هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگەڕێننەوە.

حافز کەلشات، کە شارەزایەکی بواری ژینگەیە، دەڵێت، "بەم دواییانەی ئێمە سەرنجی دیاردەیەکمان لەناو کیسەڵەکاندا داوە، ئەویش زۆرینەی بێچووەکان کە لە هێلەکانیان دەتروکێن مێن، هۆکارەکەش بۆ گۆڕانی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە. ئەگەر پلەی گەرما نزمببێتەوە، بەدڵنیاییەوە هەردوو رەگەزی نێر و مێ دەبینین".

لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاشکرایانکردووە، ئەگەر پلەی گەرمی ئەو لمەی کیسەڵەکان هێلکەکانی تێدا دادەنێن لەخوار 27 پلەی سیلیزیەوە بێت، هێلکەکان نێر دەبن، بەپێچەوانەوە ئەگەر پلەی گەرمای شوێنەکە سەرووی 30 پلەی سیلیزییەوە بێت، هێلکەکان هەموویان مێ دەبن.

کیسەڵەکان بۆ دانانی هێلەکەکانیان پێویستیان بەوەیە لمی کەناری دەریاکان شێدار و فێنک بن، بەڵام بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و داکشانی ئاوی دەریاکان، ئەو کەشەی لە یەمەن لەباربردووە و لمی کەناراوەکان گەرم و وشک بوون، کە بەپێ لێکدانەوە زانستییەکان ئەم گۆڕانە ژینگەییە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرترین هێلکەی کیسەڵەکان دەتروکێن، مێ بن.

لەسەدا 90ی ئەو هێلەکانی ئەم وەرزە لە کەنار دەریاکانی یەمەن تروکاون، مێن؛ ئەوەش بووەتە مەترسی جددی لەسەر رەگەزی کیسەڵەکان لە یەمەن بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان هەردوو رەگەزدا.

نایف عەلی، یاریدەدەری وەزیری ژینگەی یەمەن باس لەوە دەکات، "زۆر گرنگە بەرنامەیەک دەستپێبکرێت بۆ پاراستنی کیسەڵەکانی دەریا. پێویستە بەرنامەکە لەشێدارکردنەوەی هێلانەکەیان دەستپێبکات تا هاوسەنگی لەناو رەگەزەکان بپارێزرێت و رێگری لە لەناوچوونی ئەو جۆرە کیسەڵە بکرێت".