لێکۆڵینەوەیەک: لە ئێران تێچووی ژیانێکی ئاسایی سێ هێندەی کەمترین مووچەی کرێکارانە

لێکۆڵینەوەیەک: لە ئێران تێچووی ژیانێکی ئاسایی سێ هێندەی کەمترین مووچەی کرێکارانە
لێکۆڵینەوەیەک: لە ئێران تێچووی ژیانێکی ئاسایی سێ هێندەی کەمترین مووچەی کرێکارانە

K24 - هەولێر

بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لە ئێران لانیکەمی تێچووی ژیانێکی ئاسایی، سێ ئەوەندەی کەمترین مووچەی کرێکارانە. جێگری سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، "مووچەی فەرمانبەران و حەقدەستی کرێکاران تا شەش مانگی دیکە هیچ گۆرانێکی بەسەردا نایەت".

بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی کاری ئێران – ئیلنا، لە کاتێکدا کە هێڵی هەژاری واتا لانیکەمی تێچووی ژیان لە تاران و چەند شاری گەورەی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە سەرووی 30 ملیۆن تمەن لە مانگێکدا؛ مووچەی دیاریکراو بۆ کرێکاران لە لایەن حکومەتەوە مانگانە 9 ملیۆن تمەنە، واتا کەمتر لە یەک لەسەر سێی تێچووی ژیانێکی ئاسایی.

 دۆخەکە لە شارە بچووکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران باشترە و تێچووی ژیانی ئاسایی لەم شارانە 22 ملیۆن تمەنە کە هێشتا زیاتر لە دوو ئەوەندەی لانی کەمی مووچەی کرێکارانە.

ڕۆژنامەی ئیعتمادی تارانیش لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەکردن بە ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان لە ئێران نووسیویەتی: "بەرزکردنەوەی لانیکەمی مووچە لە لایەن حکومەتەوە، زۆر کەمتر لە بەرزبوونەوەی هێڵی هەژاری و لانیکەمی تێچووی ژیانە و ئەمە وایکردووە حەقدەستی کرێکاران، تەنیا 60٪ی تێچووی ژیانیان دابین بکات".

بە پێی ئەم راپۆرتە، بەردەوامبوونی هەڵاوسان و گرانی جیا لە پەرەسەندنی هەژاری لە ئاستی ئێراندا، دروستبوونی دیاردەیەک بە ناوی خاوەنکاری هەژاری لێ کەوتووەتەوە. کە ئاماژەیە بەوەی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان، سەرەڕای ئەوەی بێکار نین، داهاتەکەیان بەشی تێچووی ژیانیان ناکات.

عەلی خودایی، ئەندامی کرێکاری ئەنجومەنی باڵای کار بە ئاژانسی ئیلنای ڕاگەیاندووە، هەوڵەکانیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت بە مەبەستی گۆڕانکاری لە مووچەی کرێکاران بێ ئاکام ماوەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، داوود مەنزوور، سەرۆکی ڕێکخراوی پلاندانان و بودجەی ئێران و جێگری سەرۆککۆمار ڕایگەیاندووە، زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران  وحەقدەستی کرێکاران، لە سەرەتای ساڵدا و لە بودجەدا بریاری لێ دەدرێت و لە پاش نەورۆز دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئیتر تا کۆتایی ساڵ حکومەت بودجەی دیکەی بۆ زیاد کردنی مووچە نییە. ئەمەش بەو مانایەیە مووچەخۆران و کرێکاران نابێ تا شەش مانگی دیکە چاوەڕێی زیاد کردنی مووچەکانیان بن.