وەزارەتی پەروەردە: حکومەتی هەرێم بۆ باشترکردنی گوزەرانی مامۆستایان لە هەوڵەکانی بەردەوامە

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی رۆژی جیهانی مامۆستایان و رۆژی مامۆستایانی کوردستانەوە، وەزارەتی پەروەردە پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بەردەوام لەهەوڵە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

رۆژی پێنجشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی پەروەردە لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ 5ـی 10 رۆژی جیھانی مامۆستایان و سبەی 6ـی 10 رۆژی مامۆستایانی کوردستانە، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە مامۆستایان بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی ھەوڵ و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستایان بکەین کە بەردەوامی دەدەنە پرۆسەی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی قوتابیان و خوێندکاران".

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەکاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە بەپێویستی دەزانین سوپاسی مامۆستایانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بکەین کە بە بەردەوامی و گەشەپێدان بە خوێندنی کوردی لەو ناوچانە پارێزگاری لە ناسنامەی کوردستانی بوون دەکەن".

لەبارەی شایستە داراییەکانی مامۆستایانەوە، وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەشکردووە، "بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵە بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و پشتیوان بەخوای گەورە و ئیرادەی بەرزی نیشتیمانپەروەران ئەم دۆخە سەختانە تێدەپەڕن" .

هاوکات رۆژی پێنجشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی ئاهەنگی دەرچووانی رایگەیاند، بە بۆنەی رۆژی مامۆستایانی كوردستان و جیهانیش، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی مامۆستایانی كوردستان دەكەم، پێزانینی زۆرم بۆ مامۆستایانی كوردستان بە گشتی هەیە كە سەرەڕای ئەوەی بۆ چەند مانگێك وەك هەموو مووچەخۆرانی كوردستان، مووچەی ئەوانیش دواكەوت، بەهۆی نەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی خوێندن نەوەستا و زۆربەی مامۆستایان زۆر لەخۆبردووانە بەردەوام بوون لە ئەركی خۆیان كە ئەمەش مایەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، "هیوادارم هەوڵی ساردكردنەوەی مامۆستایان لە بەردەوامیدان بە ئەركی پیرۆزیان سەر نەگرێت، هەر مامۆستایەك وەك ڕێپێشاندەر، قوتابییان فێری كۆڵنەدان و خۆڕاگری بكات، چونكە ئێمە كۆڵ نادەین".

هەروەها رۆژی چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی مامۆستایانی جیهانی و مامۆستایانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەکەن، رۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەکانی گەلی کوردستان بەرز دەنرخێنن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، یەکێتی مامۆستایانی کوردستان چەند داواکارییەک خستوەتەڕوو بۆ باشترکردنی دۆخی گوزەرانی مامۆستایان و دابینکردنی مافەکانیان، بۆ زانیاری زیاتر ئێرە کلیک بکە.