رێباز حەملان: پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور خۆی ئیدارەی خۆی دەکات، هەروەها پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە، هاوکات گوتیشی: ئەوەی هەندێک پەرلەمانتار دەیکەن موزایەدە و خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردن.

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەوڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە سەرەتای دەسپێکی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەمڕۆ هەر کێشەیەک لە هەرێمی کوردستان رویدابێت، راستەوخۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چارەسەری کردووە و هەمیشە روونکردنەوەی داوە و پەیامی راستگۆیی خۆی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان گوتووە، هەروەها جەنابیان کەسێک بووە شانی داوەتە بەر هەموو بەرپرسیارییەتییەک.

لەبارەی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە، لە دەستووری عێراق لە ماددەی 121 لە بڕگەی سێیەم، باسی ئەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستووریە ئەو داهاتانەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دێت، خۆی دەبێت مامەڵە بە داهاتەکانی خۆی بکات بە پێی دەستوور،  هاوکات بەپێی دەستوور حکومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقش دانی پێنراوە، لەلایەن بودجەی عێراقیش دانی پێنراوە. لە بودجەی ساڵی 2023 دەڵێت، بەشی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان  و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

رێباز حەملان، هەروەها راشیگەیاند، لەگەڵ عێراق یەک کێشەی سەرەکیمان هەیە کە ئەوان تا ئێستا دان بە تەواوی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نانێن، کە ژمارەکەی زیاترە لە ملیۆنێک و 254 هەزار مووچەخۆر، ئەوان تا ئێستا لە بودجەی خۆیان 682 هەزار فەرمابەریان هەژمار کردووە.

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، دەڵێت: بەغدا  مووچەی مانگی 7 و 8 نیازی نەبوو بینێرێت، بەڵام بە چوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتۆگۆی کرد و توانی مووچەی ئەو سێ مانگە زامن بکات بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەوەی هەندێک پەرلەمانتار لە بەغدا دەیکەن جگە لە یاریکردن بە هەست و سۆزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچی دیکە نییە، ئەوەی ئەوان دەیکەن موزایەدەیەکی تەواو سیاسی و خۆئامادەکردنە بۆ هەڵبژاردن، ئەو پەرلەمانتارانە خۆشیان بڕوایان بە قسەی خۆیان نییە، تا ئێستاش لە سیستەمی فیدراڵی تێنەگەیشتوون.

رێباز حەملان، گوتی: هەندێک لایەن لە بەغدا بە پشتیوانی هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان هەر نەمێنێت، ئەو لایەنانەی بەغدا و هەرێمی کوردستان وایان لە دادگای فیدراڵیش کردووە کە بڕیارەکانی دژی هەرێمی کوردستان بێت، "ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هەموو شتێک رێککەوتین، بەڵام حکومەتی عێراق رێککەوتنەکانی وەک خۆی جێبەجێ نەکردووە".

هاوکات گوتیشی: هەندێک لایەن لە هەرێمی کوردستان ئاگاداری گشت داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خۆشیان لە دەسەڵاتدان نەدەبوو ئەوانیش واژۆ لەسەر ئەوە بکەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بنێردرێت، نەدەبوو واژۆی ئەوانی لەسەر بووایە، چونکە ئەوان ئاگاداری هەموو شتێکن لە هەرێمی کوردستان.

لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان حزبێکی نیشتمانی و بەرگریکارە لە مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک واژۆ لەسەر کارێکی ئاوا ناکات و هەمیشە شەڕ دەکات لەسەر قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، کاتێ دەبینن سەرۆکوەزیران هەندێک نەرمی نواندووە بە تایبەت لەگەڵ هەندێک لایەنی توندڕەو لە بەغدا، تەنیا لەپێناو مووچە و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها جەنابیان شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەک بۆ ئەوەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تێک نەچێت.

رێباز حەملان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەرکاتێک سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستکەوتێک بەدەست بهێنێت و لە بەرژەوندی خەڵک بێت و سوودی بۆیان هەبێت، لە چەندین لاوە هەوڵدەدەن ئەنجامەکەی بشێوێنن بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نەبێت، ئەگینا ئەو لایەنانە خۆیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاتن بۆ بەغدا، خۆیان لە دانیشتنەکان ئامادەبوون  و خۆشیان واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکان کردووە.

ناوبراو دووپاتیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری پرسی نەناردنی مووچەی کردووە بۆ ماگی 9 و بۆ ماگی 10 دوو جار 700 ملیار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، رێککەوتن کراوە، ئەوە چارەسەرێکی کورتخایەنە، بۆ چارەسەری درێژخایەنەکەش لیژنەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێنراوە کە بەپەلە یاسیای بودجە هەموار بکەنەوە، چونکە ئەو بابەتەی کە پێی دەڵێن خەرجی راستەقینە زیانێکی زۆری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، "هەروەها  لەگەڵ بەغدا بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەنجامبدەین تا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبێتە کارتێکی سیاسی کە بەردەوام دژی هەرێمی کوردستان بەکاری دەهێنن".

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، نزیکبوونەوەیەکی باش هەیە لە نێوان عێراق و تورکیا بە فشاری ئەمەریکا، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە لەو بڕوایەدام لەو زوانە دەستپێبکاتەوە، لە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکی عێراقە.