فەرحان جەوهەر: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێککەوتنەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ بکات

K24 – هەولێر

شارەزایەکی سیاسی رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە ئەمنییانەی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەکرێت درێژکراوەی رێککەوتنەکانی رابردووە، تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بووەتە قوربانی.

فەرحان جەوهەر، شارەزای سیاسی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو رێککەوتنە ئەمنییانەی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەکرێت،  درێژکراوەی رێککەوتنەکانی رابردووە، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بووەتە قوربانی ئەم رێککەوتنە ئەمنییانە.

گوتیشی: ئەو رێکەوتنانەی لەنێوان عێراق و ئێران و تورکیا دا هەبوونە و ئێستاش نوێکراوەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی رێگە بەو وڵاتانە بدرێت هێرش بکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، دەشبینین رۆژانە خەڵکی هەرێمی کوردستان شەهید دەبن و گوندەکانیان چۆڵ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە هۆی هێرشەکانی ولاتانی دراوسێ، نزیکەی 500 گوند ئاوەدان نەکراوەتەوە،  پێشیان وایە ئێمە داڵدەی ئەوگروپە چەکدارانە دەدەین، کە هەرێمی کوردستان هیچ دەستێکی نییە لە داڵدەدانی ئەو گروپە چەکدارانە، کە ئاسایشی ئەو وڵاتانە بخەنە مەترسی.

باسی لەوەشکرد، رۆژی چوارشەممە، سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگری عێراق، سەردانی تورکیا کرد، بۆ نوێکردنەوە و درێژکردنەوەی رێککەوتنی ئەمنی، بۆ هێرشکردنە سەر ئەو گروپە چەکدارانە، کە لەخاکی هەرێمی کوردستاندان.

دەشڵێت: ئەو رێککەوتنانە ناچنە بواری جێ بەجێکردنەوە بەبێ رازی بوونی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بە دڵنیاییەوە رێککەوتنەکان باشتر شوێنی خۆیان دەگرن، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەپارێزرێن و نابنە قوربانی.

راشیگەیاند، ئەوەی من ئاگاداربم، ئەو رێککەوتنەی دوایی نێوان عێراق و ئێران، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی تێدابووە. بۆیە پێویست دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکان ئامادەی ئەو کۆبوونەوانە بن.