کۆشکی سپی ئامادەکاری دەکات بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان جۆو بایدن و هاوتا چینییەکەی

جۆو بایدن و شی جینپینگ
جۆو بایدن و شی جینپینگ

K24 - هەولێر

رۆژنامەی واشنتن پۆست، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆشکی سپی دەستی کردووە بە ئامادەکردنی پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ هاوتا چینیەکەی، لە مانگی نۆڤەمبەردا، لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکا بە رۆژنامەی واشنتن پۆستی گوت: کۆشکی سپی دەستی کردووە بە ئامادەکردنی پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ هاوتا چینیەکەی، لە مانگی داهاتوودا ئاماژەی بەوەشکرد، " ئەوە زۆر بەهێزە، ئێمە دەستمان بە پرۆسەی پلاندانان کردووە."

بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئیدارەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، بایدن بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوپێکەوتن لەگەڵ شی جینپینگ دەکات، بەڵام "تا ئێستا هیچ شتێک پشتڕاست نەکراوەتەوە".

کاربەدەستانی ئیدارەی ئەمەریکا پشتڕاستیان کردەوە کە پلانەکان بەهێزتر دەبن دوای سەردانەکەی وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین بۆ واشنتن، کە بەنیازە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانەکە ئەنجام بدات.

کۆبوونەوەی راستەوخۆ، یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرکردەیە دەبێت، لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی G20 کە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا لە ئەندەنوسیا بەڕێوەچوو.

ئەوکات هەردوو سەرۆک جەختیان لە گرنگی دیپلۆماسی رووبەڕوو کردەوە و هیوای خۆیان دەربڕی کە بتوانن پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین بخەنەوە سەر رێڕەوی خۆی.

لە چەند مانگی رابردوودا، چوار بەرپرسی باڵای ئیدارەی بایدن، گەشتیان بۆ پەکین کردووە، کە بریتین لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، جانێت یێلن وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، جینا رایمۆندۆ وەزیری بازرگانی و جۆن کێری نوێنەری کەشوهەوا.

کۆشکی سپی ئەم دانوستانانەی بە "راشکاوانە و بابەتیانە و بنیاتنەر" وەسف کردووە، بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمەریکا و چین هێشتا بەچەقبەستوویی ماونەتەوە.