وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پاڵپشتی لە سعوودیە دەکەین لە میوانداریکردنی مۆندیالی 2034

سعوودیە پاڵێوراوە بۆ پێشیوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034
سعوودیە پاڵێوراوە بۆ پێشیوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پاڵشتی حکومەتی عێراقی بۆ دۆسیەی سعوودیە راگەیاند بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2034.

رۆژی هەینی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پاڵشتی حکومەتی عێراق بۆ سعوودیە دووپاتکردەوە بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2034.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەزارەتی دەرەوەی عێراق گۆڕینەوەی پاڵپشتی عەرەبی لە بوارە جیاوازەکان دووپاتدەکاتەوە کە دەبێتە مایەی برەودان بەکاری پێکەوەیی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان".

دوای راگەیاندنی سعوودیە بۆ پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034، یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، تا کۆتایی ئەم مانگە دەرفەتی دایە وڵاتانی دیکە، بۆ دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034.

تا ئێستا تەنیا وڵاتی ئوسترالیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رکابەریکردنی دۆسیەی وڵاتی سعوودیە بۆ پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034، کە وابڕیارە یارییەکانی جامی ئاسیای 2027ـش هەر لە وڵاتی سعوودیە ئەنجام بدرێن.

بەپێی رێکارەکانی فیفا، تا (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکرێت کە رکابەری دەکەن لەسەر پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034 و پێشکەشکردنی دۆسیەی کۆتاییش لە لە مانگی تەمموزی 2024 دەبێت و لە کۆتایی ساڵی داهاتووش، فیفا بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات لە دیاریکردنی ئەو وڵاتەی مۆندیالی 2034ـی تێدا بەڕێوەدەچێت.

وابڕیارە یارییەکانی مۆندیالی 2034 کە لەلایەن فیفاوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە یەکێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسیا بەڕێوەبچێت، کە بەپێی سیستمی نوێی فیفا، 48 هەڵبژاردە بەسەر 16 گرووپدا دابەشدەبن و 32 هەڵبژاردە سەردەکەون بۆ قۆناغی دووەم.

هاوکات مۆندیالی 2030 وابڕیارە لە شەش و وڵات و سێ کیشوەری جیاوازدا بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی فیفا رایگەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی یەکەم مۆندیال یەکەم یاری هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین، ئۆرەگوای و پارەگوای لەسەر خاکی خۆیان ئەنجام بدرێت و دواتر تەواوی یارییەکانی دیکەی مۆندیال لە وڵاتانی پرتوگال، ئیسپانیا و مەغریب بەڕێوەدەچن.

لەبارەی مۆندیالی 2026ـیش، وابڕیارە بۆ یەکەمینجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە 11ـی تەمموزی 2026 دەستپێبکات کە یارییەکان لە 16 شاری جیاوازی وڵاتەکانی ئەمەریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچن.

دوایین مۆندیالیش، کە مۆندیالی 2022 بوو لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچوو کە لە یاریی کۆتایی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسای بردەوە و جامەکەی بەرزکردەوە.

یەکەم پاڵەوانییەتی مۆندیال لە ساڵی 1930 لە وڵاتی ئۆرەگوای بەڕێوەچوو بە بەشداری 13 هەڵبژاردە کە هەڵبژاردەی ئۆرەگوای جامەکەی بەدەستهێنا کە سەرجەم یارییەکان لە سێ یاریگای شارێکی ئەو وڵاتە ئەنجامدران.