عێراق بۆ وێستگەکانی کارەبا غاز لە تورکمانستان دەکڕێت

کێڵگەیەکی نەوتی عێراق - وێنە: AFP
کێڵگەیەکی نەوتی عێراق - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کارەبای عێراق و وەزارەتی کاروباری غازی تورکمانستان واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان بۆ دابینکردنی غازی تورکمانستان بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق راگەیاند.

رۆژی هەینی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، یاداشتانەمەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ هاوردەکردنی غاز لەگەڵ تورکمانستان واژۆکردووە، کە بۆ بەکارخستنی وێستەگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا سوودی لێوەردەگرن.

وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، گواستنەوەی غازی تورکمانستان بۆ عێراق بە خاکی ئێرانەوە دەبێت، بۆیە ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، ک پێشتر ئەو بڕە غازی پێویست بوو بۆ وێستگەکانی کارەبا لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرا.

لەلایەن خۆیەوە، باباییڤ، وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری غازی توركمانستان بەپێی ئەو یاداشتەی واژۆکراوە،‌ غازی توركمانستان له‌ رێگه‌ی خاكی ئێرانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، هاوكات گۆڕینه‌وه‌ی پسپۆڕییه‌كان و په‌ره‌پێدان له ‌بواری وه‌به‌رهێنانی غازیش به‌شێكی دیكه‌ی‌ لێتێگەیشتنی نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌بێت.

لەلایەن خۆیەوە پسپۆرێکی نەوت و غاز ئاماژە بەوەدەکات، هەنگاونانی عێراق بۆ دابینکردنی غاز لە تورکمانستانەوە سەرکێشییەکی ئابوورییە کە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەکی زۆر لە کاتێکدا عێراق خۆی گیرۆدەی کورتهێنانە لە بودجە.

دکتۆر گۆڤەند شێروانی لە لێدوانێکدا لەبارەی هاوردەکردنی غازی تورکمانستان لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، ئەو هەنگاوە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ ئابووری عێراق لەخۆناگرێت و ئەگەر عێراق بیر لە دروستکردنی تۆڕی گواستنەوەی غازیش بکاتەوە، ئەوا نزیکەی دوو ساڵ دەخایەنێت و چەندین ملیار دۆلاریش تێچووەکەی دەبێت.

شێروانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتێکدا عێراق پلانی هەیە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بگاتە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەشێوەی پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، ئەستەمە پارەیەکی زۆر لە دروستکردنی بۆری گواستنەوەی غاز لە وڵاتێکی دیکەوە بۆ ماوەیەکی کورت خەرج بکات.

هاوکات ئەو پسۆڕەی کەرتی نەوت و غاز باسی لەوەشکرد، عێراق ساڵانە 18 ملیار مەتر سێجا، غازی هاوەڵ لەکاتی دەرهێنانی نەوت دەسووتێنێت، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق کار لەسەر ئەوە بکات بەشێوەیەکی نموونەیی وەبەرهێنان لەو غازە بەفیڕۆچووە بکات، لە کاتێکدا خاوەنی 122 ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگی غازە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێویستی ناوخۆیی عێراق بۆ بەکارهێنانی غازی سرووشتی لە ساڵی 2022 گەیشتە 18.9 ملیار مەتر سێجا، کە لە ساڵی 202 ئەو رێژەیە کەمتر بوو کە بریتی بوو لە 16.8 ملیار مەتر سێجا. هاوکات بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022، رێژەی بەرهەمێنانی غاز لە عێراق گەیشتە 9.4 ملیار مەتر سێجا و ساڵی 2021ـیش 9.1 ملیار مەتر سێجا غاز بەرهەمهێندراوە.