لە سۆران "دزێک" دەستگیرکرا

K24 – هەولێر

لە قەزای سۆران کەسێک بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکرا، کە قوفڵی دوکانی شکاندووە، لەکاتی دەستگیرکردنی ماددەی هۆشبەری پێبووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بڵاویکردەوە: "دوای ئەوەی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سۆران ئاگادار کرانەوە بە هەبوونی حاڵەتێکی دزیکردن لە یەکێک لە دوکانەکانی شەقامی کاوە (حەریق) کە شێوازی دزیکردنەکە بەشێوەیەک بووە قوفڵی دوکانەکە شکێنراوە و برێک پارە و هەندێک کەلوپەلی تر دزراوە، دەستبەجێ تیمەکانی نەهێشتنی تاوان لەسەر فەرمانی دادوەر لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و دوای چەندین رۆژ بەدواداچوونی ورد و شەونخونی تیمەکان لە ئەنجامدا توانرا ناسنامەی بکەری تاوانەکە ئاشکرا بکرێت، کە دانیشتووی شاری هەولێرە".

پۆلیسی سۆران راشیگەیاندووە: "بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هاوکاری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر تۆمەتبار دەستگیر کراو دانی نا بە تاوانەکەی و هەروەها لەکاتی دەستگیرکردنی برێک ماددەی هۆشبەری پێبوو لە جۆری (کریستاڵ) لەهەمان کاتدا تۆمەتبار دانی نا بەوەی دزیەکی دیکەشی لە شاری هەولێر ئەنجامداوە، لەئێستادا راگیراوە بەپێی مادەی (443) لە یاسای سزادانی عێراقی و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە".