بایدن داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئازاد بکات

سەرۆکی ئەمەریکا داوای ئازاکردنی نێرگز محەممەدی دەکات
نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ نێرگز محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئازاد بکەن، چونکە ناوبراو بانگەشەکاری ئازادی و یەکسانییە.

سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاند، ئازایەتی نێرگز محەممەدی جێگیر و ئیلهامبەخشە، هەر بۆیە پێویستە ئێران بەپەلە نێرگز و هاوڕێکانی ئازاد بکات، کە جگە لە داوای ئازادی و یەکسانی داوای شتێکی دیکەیان نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئانالینا بێربۆک، لە تویتێکدا بە زمانی کوردی پیرۆزبایی لە نێرگز محەممەدی کرد و رایگەیاند، بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگز محەممەدی و لەگەڵیشیدا بە ژنانی ئێران، هێزی ژن بۆ ئازادی نیشان دەدات.

ئانالینا گوتیشی: دەنگی چاونەترسانەی محەممەدی کپ ناکرێت، ئایندەی ئێران ژنانی وڵاتەکەن.

رۆژی هەینی 6ـی ئۆکتۆبەری 2023، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ببەخشێت بە نێرگز محەممەدی ژنە چالاکوانی ئێرانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناوبراو لە زیندانە.

نێرگز محەممەدی کە ئێستا لە زیندانە، گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانە و پێشتریش لە ساڵی 2009دا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ناوەندی ئەلکساندرا لانگری پێبەخشراوە.

بەگوێرەی رێکخراوی FLD تایبەت بە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، نێرگز محەممەدی ئێستا لە زیندانی ئەڤینی تارانە و بەپێی ئەو سزایانەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەریدا سەپێندراوە، 12 ساڵ زیندانیکردنی ماوە.

نێرگز ئێستا 19هەمین ژنە لە کۆی 122 براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و، هاوسەرەکەی تەقی رەحمانی لەبارەی خەڵاتەکەوە دەڵێت، "ئەم خەڵاتی نۆبڵە خەباتی نێرگز بۆ مافەکانی مرۆڤ زیاتر بەدەر دەخات، بەڵام لەوەش گرنگتر، ئەمە لە راستیدا خەڵاتێکە بۆ شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی).

لە ئەیلوولی 2022، ژینا ئەمینی، کچێکی کوردی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تارانەوە بە پاساوی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی" دەستگیرکرا و لەژێر ئەشکەنجەی پۆلیسدا گیانی لەدەستدا، ئەم رووداوە تووڕەیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێکەوتەوە و بۆ ماوەی چەندین مانگ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بوو.

دواتر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ناویان لێنرا "شۆڕشی ژینا" و یەکێک لەو دروشمانەی لەو ماوەیەدا خۆپیشاندەران زۆر دووبارەیان دەکردەوە دروشمی "ژن ژیان ئازادی" بوو.

بەهۆی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی ئێران، زیاتر لە 500 کەس لەلایەن ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانەوە کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسیش زیندانیکران.