هاکان فیدان لەگەڵ فالح فەیاز و خەمیس خەنجەر کۆدەبێتەوە
K24 – هەولێر
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە بە جیا لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆبووەوە. بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاشکرا بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە سێ رۆژ لەمەوبەر و لە 4ی ئۆکتۆبەری 2023، سابت عهباسی وهزیری بهرگری عێراق به سهردانێكی فهرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ یهشار گولهری وهزیری بهرگری توركیا کۆبووەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیا "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بابەتەکانی ھاریکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی پیشەسازی سەربازیی و بەرگریی دووقۆڵی و ھەرێمیی کراوە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "وەزیری بەرگری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، تورکیا و عێراق کە پەیوەندییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەھێزیان ھەیە، باسی لە گرنگیی پێشخستنی ھاریکایی نێوانیانی کردووە بە گرتنەبەری ھەنگاوی ھاوبەش، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی سنوور".
ئەم دیدار و کۆبوونەوانەی نێوان بەرپرسانی تورکیا و عێراق لە کاتێکدایە، تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی دەکات بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان.
لە دوو رۆژی رابردووشدا تورکیا چەند بارەگا و بنکەیەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لە رۆژئاوای کوردستان بۆردومان کردووە. بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی وەزارەتی بەرگری تورکیا 15 ئامانجیان بۆردومان کردووە.