سوید پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت

ئاڵای ئۆکرانیا و سوید
ئاڵای ئۆکرانیا و سوید

K24 - هەولێر

سوید پاکێجێکی نوێی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا بە بڕی 199 ملیۆن دۆلار راگەیاند، بەمەش بڕی هاوکارییە سەربازییەکانی سوید بۆ ئۆکرانیا گەیەشتە 1.78 ملیار دۆلار.

سوید وێرای راگەیاندنی پاکێجێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا؛ نیازی خۆی بۆ پێدانی فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکرانیا دەردەبڕێت، بەڵام لە بەرانبەردا و لەپێناو پارێزگاریکردن لە ئاسایشی وڵاتەکەی، پەسنکردنی ئەندامبوونی لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی - ناتۆ کردووەتە مەرج.

ستۆکهۆڵم یەکێکە لە پشتیوانکارە نزیکەکانی کیێڤ و بەگوێرەی راپۆرتی حکومەتی ئەو وڵاتە، لە سەرەتای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تا ئێستا، بە بڕی 25 ملیار کرۆنی سویدی، کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیار و 275 ملیۆن دۆلار؛ لە چەندین کەرتی جیاوازدا هاوکاری ئۆکرانیای کردووە.

زۆرترین هاوکارییەکانی سوید بۆ ئۆکرانیا لە کەرتی سەربازیدا بووە. تا ئێستا بە بڕی ملیارێک و 782 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئۆکرانیای کردووە، دوایین هاوکاری سەربازیشی بە بڕی 199 ملیۆن دۆلار بووە.

دووەم زۆرترین هاوکارییەکانی سوید بۆ ئۆکرانیا، هاوکاریی مرۆیی بووە و بڕەکەشی دەگاتە نزیکەی 184 ملیۆن دۆلار.

سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی جگە لە هاوکاریی سەربازی و مرۆیی، هاوکاری داراییشی پێشکەشی حکومەتی ئۆکرانیا کردووە، بڕی هاوکارییە داراییەکانیش 99 ملیۆن دۆلارە. هەروەها بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە مەدەنییەکان، سوید 72 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئۆکرانیا.

لە ئەنجامی شەڕوپێکدادان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە ماوەی 20 مانگی رابردوودا، زیانی زۆر بە ژێرخانی کێیڤ گەیشتووە، بۆ بنیاتنانەوەشی، تا ئێستا سوید 99 ملیۆن دۆلار هاوکاری بەخشیوەتە ئۆکرانیا. هاوکات بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی سایبیری، سوید 23 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئۆکرانیا.