گۆتێرێس: لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵ 419 هاووڵاتیی ئێرانی لەسێدارەدراون

ئانتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (وێنە: AP)
ئانتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا باس لە "خراپتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران" لە دوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتە دەکات.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لە ڕاپۆرتەکەیدا بە نیگەرانییەوە باسی لە زۆربوونی ژمارەی لە سێدارەدان؛ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی ناڕازی؛ فشار بۆسەر خوێندکاران، قوتابییان و مامۆستایان و هەڵاواردن لە دژی ژنان کردووە و داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات "کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت و دەستبەسەرکراوان ئازاد بکات".

بە پێی ئەم راپۆرتە؛ لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا، 419 هاووڵاتیی ئێرانی لەسێدارەدراون. رێژەکە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو 30٪ زیادیکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو  و لە دوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە دژی "کوشتنی" ژینا ئەمینی، زیاتر لە بیست هەزار کەس لەو وڵاتە دەستبەسەرکراون کە مامناوەندی تەمەنیان 15 ساڵ بووە. زیاتر لە دوو هەزار کەس لەم دەستبەسەرکراوانە کورد بوون و ئاشکراشکراوە کە ئەم دەستبەسەرکراوانە رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بوونەتەوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، "حەوت کەس لە دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لەکاتێکدا لە سێدارەدراون کە لە دادگایەکی دادپەروەرانە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون و لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراون".

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، حەوت کەسی دیکە لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، بە هۆی ئەوەی بە موحارەبە واتا دژایەتیکردنی خودا تۆمەتبار کراون، مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە سنووردار کردنی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستبەسەرکرانی 17 ڕۆژنامەنووسیش کراوە. هەروەها سەرکوت و هەڵاواردنی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراوی ئەو ژنانەی ملکەچی حیجابی زۆرەملێ نابن و بێبەشکردنی ئەم ژنانە لە مافە کۆمەڵایەتییەکان وەک مافی خوێندن و کار و هەروەها خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک بانک و میترۆ و پاس و قەدەغەکرانی چالاکییان لە ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی پێ کراوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ جێبەجێکرانی یاسای حیجاب کە لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسند کراوە، "دۆخەکە بۆ ژنانی ئەو وڵاتە دژوارتر دەکات".