"ئینته‌ر مه‌یامی به‌ نووسینی دوو وشه‌ هانده‌رانی یانه‌كه‌ی دڵخۆش كرد"

لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا
لیۆنێل مێسی كاپتنی یانه‌ی ئینته‌ر مه‌یامی ئه‌مریكا

لیۆنێل مێسی دوای ماوەیەک دابڕان بەهۆی پێکان، دواجار گەڕایەوە راهێنانەکانی ئینتەر مەیامی و لەگەڵ هاوڕێیه‌کانی بەبێ کێشە بەشداریی راهێنانە بە کۆمەڵەکانی یانەکەی كرد بۆ یاریی بەرەبەیانی سبەی یەکشەممە بەرامبەر سینسیناتی، پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵات لە خولی ئەمریکا کرد.

هەژمارەی فەرمی یانەی ئینتەر مەیامی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وێنەیەکی مێسی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی: بەیانی دەتبینمەوە. وەکو ئاماژەیەک بۆ ئامادەبوونی بۆ یاریی داهاتووی یانەکەیان بەرامبەر سینسیناتی لە خولی ئەمریکا.

مێسی لە کۆی شەش یاریی رابردووی ئینتەرمیامی بەشداری پێنج یاریی یانەکەی نەکردووە، هەروەها لەو ماوەیەدا بەشداری یارییەکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەشی نەکردووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی سەرەتا بە ماندوێتی وەسف دەکرا بەڵام دواتر وەک پێکان دەستنیشانکرا.

مێسی لە دوایین یاریی یانەکەی تەنها 37 خولەک بەرامبەر تۆرۆنتۆ لە 20ـی ئەیلولی مانگی رابردوو یاری کرد، دواتر لەو یارییە بەهۆی پێکان لە قاچیدا پێشکۆتایی هاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، ناچار بوو یاریگا جێبێڵێت و لەو کاتەوە بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی نەکردووە.

ئینتەرمەیامی سێ یاریی ماوە و پێنج خاڵ لە دوای مۆنتریال دێت، کە پلەی نۆیەم و کۆتا پلەی لە پاڵاوتنەکانی بۆ قۆناغی کۆتایی کۆمەڵەی ڕۆژهەڵات داگیر کردووە، بۆیە رەنگە ئەستەم بێت مێسی و هاوڕێیه‌کانی بتوانن لەم سێ یارییە یەکێک لە بلیتەکانی قۆناغی پاڵاوتنەکان بەدەست بێنن.

مێسی لەوەتەی پەیوەندی بە ئینتەر مەیامی کردووە، لە خولی ئەمریکا تەنها بەشداری چوار یاریی کردووە، لەو چوار یارییەش خاوەنی تەنها گۆڵێک و دوو ئاسیستە.