بەهرام عەریف یاسین: بەردەوامبوونی پەکەکە لەسەر ئەو جۆرە سیاسەتە دۆخەکە خراپتر دەکات

بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی داوا لە پەکەکە دەکات وەکو حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرژوەندییەکانی باڵای هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و لە ناوچە سنوورییەکان بکشێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەهرام عەریف یاسین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و بەرپرسی لقی 10ـی ئەو حزبە لە سۆران؛ لەبارەی کاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و سوپای تورکیا لەسەر ژیانی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییانە؛ میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و ناکۆکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە و سوپای تورکیا. هەردوولایەن شەڕ و پێکدادانەکانیان هێناونەتە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان  و، بە درێژایی چەندین ساڵی رابردوو خەڵکی ئێمە زەرەرمەندی یەکەمی ئەم ناکۆکییانە بووە".

بە گوتەی بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران، "چەند رۆژێک پێش ئێستا زیاتر لە دوو هەزار خێزان کە خەریکی ئیشی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوون، بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە؛ ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە".

ئەو بەرپرسەی پارتی داوا لە پەکەکە دەکات، "وەکو حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستا لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ژمارەیەک کەمپ نیشتەجێکراون، بارودۆخ و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و لە ناوچە سنوورییەکان بکشێتەوە".

وەکو ئەوەی بەهرام عەریف یاسین باسی دەکات، "دەیان جار لەلایەن حکومەت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکانەوە داوا لە پەکەکە کراوە ناکۆکییەکانی لەگەڵ سوپای تورکیا بباتە دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان و، لەناوەوەی هەرێمەوە هێرش نەکاتە سەر ئەو وڵاتە، بۆ ئەوەی بیانووی نەداتە دەست هێرشبکاتە سەر ناوچە سنوورییەکانمان".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی راشیدەگەیەنێت، "بڕوای تەواومان بە مافی رەوای گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە، بەڵام پێمانوایە رێگەچارەی چەکداری چارەسەری ناکۆکییەکان ناکات. ئامادەین هاوکاری تورکیا و پەکەکە بکەین بۆ ئەوەی دەستبکەن بە دانوستانێکی ئاشتییانە بە مەبەستی وەستاندنی شەڕ و ناکۆکییەکانیان".

بەرپرسی لقی 10ـی پارتی لە سۆران بە پێویستی دەزانێت، "ئەو میکانیزم و رێکارانەی پەکەکە کە وەکو خۆی دەڵێت، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد بەکاریان دەهێنێت؛ لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی قبووڵکراوبن، چونکە بۆمبڕێژکردن، خۆ تەقاندنەوە و هێرشی چەکداری بە درێژایی 40 ساڵی رابردوو ئەنجامی نەبووو و لە داهاتووشدا ئەنجامی نابێت".

بەهرام عەریف یاسین دەشڵێت: "پەکەکە رێز لە سەرەوەیی خاکی هەرێمی کوردستان ناگرێت و بیانوو دەداتە دەست سوپای تورکیا بۆ ئەوەی رۆژانە ناوچە سنوورییەکانمان بۆردوومان بکات. بەردەوامبوونی پەکەکە لەسەر ئەو سیاسەتەی ئێستا پەیڕەوی دەکات، دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر دەکات، کە ئێستا هەیە".