سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کۆدەبێتەوە و مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێت

K24 – هەولێر

بڕیارە سبەی یەکشەممە 8/10/2023، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوە و مەکتەبی سیاسی حزبەکە هەڵبژێردرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە سبەی ئەنجومەنی نوێی سەرکردایەتی یەکێتی کۆببێتەوە و ئەگەری زۆر هەیە مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرێت.

لە دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نوێی حزبەکە دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیارە ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە 12 ئەندام بۆ 14 ئەندام بێت.

رۆژی 27/9/2023، کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی دەسیپێکرد، لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا، دوای پێنج رۆژ ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی هەڵبژێردران کە ژمارەیان 60 ئەندامە و بە سەرۆکی حزبەکەوە ژمارەیان دەکاتە 61 ئەندامی سەرکردایەتی.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1/6/1975 دامەزراوە، لە سێ کۆنگرەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری حزبە هەڵبژێردراوە، لە دوای کۆچی دوای مام جەلال، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) بەسترا بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنرا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە.