ئازەرییەكان لە ئێران ده‌ستگیر ده‌كرێن

هه‌ندێ له‌ ئازه‌رییه‌كان خۆیان به‌ تورك ناناسن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/4dba9da3-1e13-4634-94e3-77c277901acd/Destberani%20Azeryan.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر

دوای خۆپێشاندانەکانی ئازەرییەکانی ئێران دژ بە رۆژنامەیەکی چاپی تەورێز، دەستگیرکردنی خۆپێشاندەران بەردەوامە و نووسەری بابەتی رۆژنامەکەش دەڵێ، ئازەرییەکانی ئێران تورک نین.

ئاژانسی هەواڵی هەرانای سەر بە کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، رۆژی هەینی رایگەیاند: دوای خۆپێشاندانەکانی ئازەرییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجان و ورمێ و ئەردەبێڵ، دەستگیرکردنی ئازەرییەکان لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە بەردەوامە.

هەرانا رایگەیاند: لە درێژەی دەستگیرکردنەکاندا نەسیم سادقی چالاکی ئازەری لە تەورێز و هەروەها سێ هاووڵاتیی دیکە لە تەورێز و ئەردەبێڵ دەستبەسەرکراون.

بەپێی هەواڵی هەرانا، تا ئێستا لە نزیکەی ٥٠ دەستبەسەر کراو، چەند کەسێکیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.

نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، چاپی وتارێک لە رۆژنامەی "تەرحی نوو"ی چاپی تەورێزدا، ناڕەزایی توندی ئازەرییەکانی ئێرانی لێکەوتەوە و  خۆپێشاندانیان ئەنجامدا. رۆژنامەکە لە بابەتێکدا لە نووسینی "سولەیمان ئەفشار تەکابی، چێرۆکێکی شانامەی فیردۆسیی گێرابۆوە و بە زمانی رۆستەم کەسایەتیی یەکەمی شانامە، بێڕێزی بە تورکه‌كان کرابوو.

دوای خۆپێشاندانەکان، ئەمیر عەلیزادەی سەرنووسەری رۆژنامەکە کە خۆی ئازارییە، داوای لێبوردنی کرد، بەڵام نووسەری وتارەکە بەرگریی لەخۆی کرد و گوتی: ئەم بابەتەم دژ بە پان تورکیستەکان نووسیوە و ئازەرییەکانی ئێران بە تورک نازانم.

سولەیمان ئەفشار تەکابی کە ئەویش ئازەرییە، گوتی: سەرەتا پان تورکیستەکان سەریان لێشێوا و بێڕێزیان بە فارسەکان کرد، بەڵام کاتێک دیتیان بابەتەکەی من لە رۆژنامەیەکی سەربە ئازەرییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، روویان کردە ئێمە.

بەشێک لە ئازەرییەکانی ئێران خۆیان بە ئازەری و سەر بە ئاریاییەکان دەزانن و بەشێکیش پان‌تورکیستن و بەخۆێان دەڵێن شوناسخواز و ناوی ئازەری بە بێڕێزی دەزانن و دەڵێن رەچەڵەکمان سەر بە تورک و توورانه‌.