پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە وردەکاری جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەخاتەڕوو

K24 – غەززە:

زیاتر لە هەزار چەکداری کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، هێرشیان كرده‌ سه‌ر شار و شارۆچکە ئیسرائیلییەکانی نزیک کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە پێنج هەزار موشەکیان ئاڕاستەی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل کردبوو، بەگوێره‌ی ئامارە سەرەتاییەکان، چه‌كدارانی حه‌ماس لەو هێرشەیاندا زیاتر لە 100 سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە و ژمارەیەکی دیکەشیان بە دیل گرتووە.

لە بەرەبەیانێکی زووەوە، پێنج هەزار موشەک لە غەززەوە ئاڕاستەی زەوییەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە کران، بەوەش نزیکەی 55 هەزار هاووڵاتی ئیسرائیلی کرانە ئامانج. هێزەکانی ئیسرائیلیش لەو ناوچانەدا رووبەڕووی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بوونەوە کە هێرشەکەی خۆیان ناونابوو " تۆفانی ئەقسا".  

تارق ئەلسەلمی، چاودێری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کردەوەیە کاردانەوەیەکە  بەرامبەر ئەو جەنگە کراوەیەی گرووپە فەڵەستینییەکان لەگەڵ ئیسرائیل هەیانە، رۆژێکی جیاواز و گرنگە بۆ فەڵەستینییەکان کە بەو جۆرە بەرەنگاری ئیسرائیل بوونەتەوەو راشناوەستن" .

ناسەقامگیریە ئەمنییەکە ئەمجارەیان زۆر قووڵ بووەتەوە و گۆڕانی بەسەر بنەمای هاوکێشە سەربازییەکاندا هێناوە، لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسدا، تا ئێستا ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرە رووینەداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا لە بەردەوامی ئاڵۆزییەکاندا 123 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 1000 کەسی دیکەش برینداربوون، لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "کۆی گشتی کوژراوانی فەڵەستینی گەیشتە 198 کەس، هەروەها هەزار و 610 کەسێس برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "کۆی گشتی کوژراوانی فەڵەستینی گەیشتە 198 کەس، هەروەها هەزار و 610 کەسێس برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، تەڵاڵ ئەبوزەریفە، سەرکردەیەکی بەرەی دیموکراتی، دەڵێت: "ئەوەی روودەدات پێشکەوتنێکی جۆرایەتییە لە چالاکییەکاندا، گرووپە فەڵەستینییەکان ئەزمونیکی زۆریان هەیە، ئەمجارەیان لەرێگەی کوشتن و بە دیلگرتنی سەربازانی ئیسرائیلەوە، کارێکیان کرد کەبە خەیاڵی ئیسرائیلدا نەدەهات ".

بە گوتەی چاودێران، گوشارەکانی ئیسرائیل و هێرشی رۆژانەی توندڕەوە ئیسرائیلەیەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس، بوونە هۆکاری ئەوەی چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس، کاردانەوەکانی خۆیان ببەنە ئاستێکی توندتر و فراوانترەوە، بۆ ئەوەی بیر لە پەلاماردانی قووڵایی ئیسرائیل بکەنەوە . 

لەلایەن خۆیەوە، عەبدوڵلەتیف ئەلقانوع، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس بە کوردستان24ـی گوت:" تۆفانی ئەقسا، وەڵامدانەوەی بەجولەکەکردنی مزگەوتی ئەقسایە، هەروەها بەجولەکەکردنی خەڵکی قودسە، کە رۆژانە رووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل دەبنەوە، کاتی ئەوە هاتووە ئیسرائیل نرخ و باجەکەی بدات". 

چەکدارانی کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس کۆنتڕۆڵی چەند شارۆچکەیەکی نیشتەجێبووە ئیسرائیلییەکانیان کردووە و ژمارەیەکیان دەستگیرکردوون، بەنیازن بۆ دەستبەرداربوون لێیان، مەرجیان هەبێت، یەک لەو مەرجانە، رێزگرتنە لە ئەقسا، و دانانی بنەمای نوێ یە بۆ رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل، داواشیان لە وڵاتانی عەرەبی کردووە، پاڵپشتی لە تۆفانی ئەقسا بکەن، کە بۆ ئیسرائیل چاوەڕواننەکراو بوو.