130 هەزار کەس سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەنجامدەدەن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق
وەزارەتی پلاندانانی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بەردەوامە و رایگەیاند، بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیەش پێویستی بە 130 هەزار کەس هەیە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ساڵی 2024ـدا بەردەوامن و بۆ ئەو مەبەستە 130 هەزار کەس بۆ ئەو پرۆسەیە دیاریکراون.

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، سەرژمێریی گشتی لە مانگی تشرینی دووەمـی 2024 ئەنجامدەدرێت و مانگی ئایاری هەمان ساڵیش سەرژمێرییەکی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت.

عەبدولزەهرە هینداوی ئاشکراشیکرد، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک رێککەوتن کراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سەرژمێری و پێویستە هێڵی ئەنتەرنێت و تەلەفۆن لە هەموو ناوچەیەک دابین بکرێت.

لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، پێویستیان بە 15 مانگە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە وڵاتدا و پێشبینی دەکەن لە کۆتایی ساڵی داهاتوو بتوانن ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدەن ئەگەر بودجەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.

ساڵی 1997 دوایین سەرژمێری بوو لە عێراقدا ئەنجامدراوە و بەپێی ئامارەکانیش ئێستا 42 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراقدا دەژین بەڵام بەهۆی ئەنجامنەدانی سەرژمێرییەوە، تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی تەواو بەردەست نییە.

یەکێکی دیکەش لەو کێشانەی رووبەڕووی پرۆسەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی بووەتەوە لە چەند ساڵی رابردوو، بریتییە لە سەرژمێریکردن لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین کە یەکێکە لە داواکارییەکانی کورد بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی ماددەی 140ـی دەستوور، کە لە بەرامبەردا هەوڵێک هەبووە لە بەغدا بۆ رەتکردنەوەی ئەو کارە.