دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت

مووجە
مووجە

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، مووچەی مانگی 9ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی)، رێکارە دارایی و ژمێرییارییەکانی ئەنجام داون و بانکەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە رۆژی دووشەممە 9ی ئۆکتۆبەری  2023، مووچەی مانگی 9ی 2023ی لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت.

جگە لە هاوکاری سەربازیی لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی داعش و شەڕی تیرۆر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، مانگانە هاوپەیمان هاوکاری دارایی پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، ئەمەش وایکردووە کە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دوانەکەوێت، لە کاتێکدا بەهۆی نەناردنی بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق، تائێستا نەتوانراوە مووچەی مانگی ئابی 2023ی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکە دابەش بکرێت.