ئاماری زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان راگەیەندرا

یەکێک لەو ناوچانەی بەهۆی بومەلەرزەکە زیانی بەرکەوتووە - فۆتۆ: AFP
یەکێک لەو ناوچانەی بەهۆی بومەلەرزەکە زیانی بەرکەوتووە - فۆتۆ: AFP

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانی تاڵیبان بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو بومەلەرزەی هەرێمی هیراتی لە باکووری رۆژئاوای ئەفغانستان هەژاند، تائێستا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لە بێسەروشوێن بوونی دەیان کەسی دیکە.

بەرپرسانی تاڵیبان باسیان لەوەشکردووە، بومەلەرزەکەی 7ی ئۆکتۆبەر بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر و بە قوڵای 7.7 کیلۆمەتر لە هەرێمی هیراتی روویداوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 12 گوندی ئەو ناوچەیە بە تەواوی وێران بوون.

داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بچن و هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی هیرات بکەن.

رۆژی 7/10/2023، بە گوڕی 6.3 پلەی رێختەر پارێزگای ھیراتی ئەفغانستان ھەژاند و لە پارێزگای مەشھەدی ئێرانیش ھەستی پێكراوە.