داوا لە سوودانی دەکرێت لێکۆڵینەوە لە بانکی ئەهلی ئوردنی بکات

لقێکی بانکی ئەهلی ئوردنی لە عێراق
لقێکی بانکی ئەهلی ئوردنی لە عێراق

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی کار لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بانکی ئەهلی (تایبەتی) ئوردنی دەستی بەسەر سەدا 75ـی حەوالە دەرەکییەکاندا گرتووە و رۆژانە لەو رێگەیەوە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار قازانج دەکات؛ بۆیە داوا لە سوودانی دەکات لێکۆڵینەوە لە بانکەکە بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، حوسێن عەرەب، جێگری سەرۆکی لیژنەی کار لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پێویستە کاربکرێت بۆ باشترکردن و بەهێزترکردنی بانکە ناوخۆییەکان لەجیاتی بانکە بیانییەکان، چونکە بانکە بیانییەکان دەست بە سەر دۆلاردا دەگرن و بەقاچاخ دەیبەنە دەرەوەی وڵات".

بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی کاری پەرلەمانی عێراق، "بانکی ئەهلی (تایبەت)ـی ئوردنی دەستی بەسەر سەدا 75ـی حەوالە دەرەکییەکاندا گرتووە" و نابێت رێگە بدرێت بانکێکی بیانی بەم رێژە زۆرە دەستبەسەر حەوالە دەرەکییەکاندا بگرێت".

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی پێ دەدات، "حەوالەکانی رۆژانەی بانکی ئوردنی لە عێراق دەگاتە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار و رۆژانە 30 ملیۆن دۆلار لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەچێتە ناو بازاڕەکاندا".

حوسێن عەرەب بانکی ئەهلی ئوردنی بە "پێشێلکردنی رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی" تۆمەتبار دەکات و پێیوایە یەکێکە لەو هۆکارانەی وایکردووە بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزببێتەوە؛ بۆیە داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەم بابەتە بکات.

لەکاتێکدا وەکو پەرلەمانتارەکە باسی دەکات، رۆژانە دۆلار بە شێوەی قاچاخ دەبردرێتە دەرەوەی وڵات، هاوکات عێراقییەکان گلەییان لە بانکە تایبەتەکان هەیە و دەڵێن، "کێشەمان لە وەرگرتنەوەی حەواڵە دەرەکییەکان بۆ دروست دەبێت و بانکەکان دۆلارمان پێ نادەن".

 جێگری سەرۆکی لیژنەی کار داوا لە بانکی ناوەندیی عێراق دەکات "لێکۆڵینەوەیەکی جیددی و بەپەلە لەم بابەتە بکات و بزانێت بۆ بانکەکە بەم رێژەیە دەستی بەسەر حەواڵە دەرەکییەکاندا گرتووە"، چونکە وەکو خۆی باسی دەکات، "بانکە ئوردنییەکە مانگانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار حەواڵەی هەیە". دەشڵێت، "بانکەکە رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار لە رێگەی حەوالەکانەوە قازانج دەکات".