ئاماری قوربانیانی بومەلەرزەکەی ئەفغانستان بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

حکومەتی تاڵیبان ئاشکرایکرد، ژمارەی ئەوانەی لە بومەلەرزەکەی دوێنێ، گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی دەکات ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە، بەو پێیەی دەیان کەس گیریان خواردووە لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا.

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان رایگەیاند، ژمارەی ئەوکەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکانی دوێنێوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە دوو هەزار کەس.

پێشتریش بیلال کەریمی جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، "بەداخەوە ئەوانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار کەس".

عەبدولواحید رەیان، بەرپرس لە وەزارەتی راگەیاندن و رۆشنبیری ئەفغانستان، بە ئاژانسی هەواڵی "dpa" ئەڵمانی راگەیاند، "ژمارەی بریندارانی بومەلەرزەکە زۆر بەرزبووەتەوە".

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، ژمارەی گیانلەدەستدان بەرزبێتەوە، بەو پێیەی دەیان کەس لە ژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە، دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەشکردووە، چەند گوندێک لە پارێزگای هیرات بە تەواوی وێران بوون.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، نزیکەی چوار هەزار و 200 کەس زیانیان بەرکەوتووە و لانیکەم 600 ماڵیش وێران بوون، بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکان، 900 کەس گواستراونەتەوە بۆ گەورەترین نەخۆشخانەی پارێزگای هیرات، کە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و 700 کەسی دیکەش بریندارن.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لە ماوەیەکی کورتدا لانیکەم هەشت بوومەلەرزە باکووری رۆژئاوای پارێزگای هیراتی ئەفغانستانی هەژاندووە، کە بەهێزی بومەلەرزەکان بە پێوەرەکانی رێختەر لە نێوان 4.6 بۆ 6.3 مەزەندە کراوە.