وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 9ـی تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ری 2023) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، دكتۆر فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا‌ پێشوازی له‌ فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه‌ كرد.

دوێنێش ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندبوو، فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هاوتا ئێرانییەکەی حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، بارودۆخ و ئاڵۆزییه‌كانی فه‌ڵه‌ستینیان تاووتوێ کردووە.

عێراق و سعوودیه‌ دوو كاره‌كته‌ری گرنگی سه‌قامگیری ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستن، به‌تایبه‌ت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران و سعوودیه‌ و هه‌روه‌ها جه‌نگی حه‌ماس و ئیسرائیل و هه‌وڵدان بۆ وه‌ستاندنی ئه‌و جه‌نگه‌ .