سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە کۆبوونەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ دەکەن.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نییە و دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، رۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی لە روونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لە سەربنەمای رێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.