حکومەتی بەریتانیا پشتگیریکردنی حەماس لە وڵاتەکەی قەدەغە دەکات

K24 – لەندەن:

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیاریداوە، زۆر بە توندی مامەڵە لەگەڵ لایەنگرانی حەماس و ئەوانە بکات کە لە بەریتانیا چالاکی ئەنجامدەدەن و خۆشی دەردەبڕن بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل.

ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023) دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند، دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، هاووڵاتییانی فەڵەستینی، سووری و ئوردنی کە لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێن، بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە شاری لەندەن ئاهەنگیان گێڕا و ئاڵای بزووتنەوەی حەماس و دەوڵەتی فەڵەستینیان بەرزکردەوە، ئەمەش وایکرد دەنگدانەوەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن، ئاماژەی بەوەدا، ئەو ئاهەنگ و چالاکییەی کە لە لەندەن سازکرا بۆ پاڵپشتیکردن لە بزووتنەوەی حەماس و دەوڵەتی فەڵەستین، وایکرد سوێلا برەیڤێرمەن، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بێتە سەر هێڵ، هاوکات بڕیاریدا، زۆر بە توندی مامەڵە لەگەڵ لایەنگرانی حەماس و ئەوانە بکات کە لە بەریتانیا چالاکی ئەنجامدەدەن و خۆشی دەردەبڕن بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل.

دلۆڤان عیمادەددین، هەروەها راشیگەیاند، لە باکووری شاری لەندەن گەورەترین کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی جووەکانی لێیە و دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، پۆلیسی بەریتانیا لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکرا لەپێناو پاراستنی جووەکانی باکووری لەندەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن، باسی لەوەکرد، وابڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 8 بە کاتی کوردستان گەورەترین خۆپیشاندانی فەڵەستینییەکان لەبەردەم باڵوێزخانەی ئیسرائیل ئەنجامبدرێت.

دلۆڤان عیمادەددین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەو جووانەی کە لە بەریتانیا دەژین بەشی هەرەزۆریان پاڵپشتی لە دەوڵەتی ئیسرائیل ناکەن، بەهۆی ئەوەی ئەوان دەڵێن: "ئێمە تەنیا دەمانەوێت پەیڕەوی ئایینی خۆمان بکەین و پاڵپشتی لە ئیسرائیل ناکەین"، تەنانەت هەندێکیان پشتگیری لە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لیواکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەوە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "تۆفانی ئەقسا" دژی ئیسرائیل راگەیاند و هاوکات لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە. لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە راگەیاند.