سەرکردایەتی یەکێتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی حزبەکەی دیاریکرد

کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی
کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی

K24 – سلێمانی:

لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی حزبەکە دیاریکران.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە سلێمانی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە دوای کۆنگرە ئەنجامدا و سەعدی ئەحمەد پیرەی بە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاریکرد.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ھەریەکە لە عیماد ئەحمەد، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئاسۆ مامەند، جوان ئیحسان، رەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو عەلی عەسکەری، تەلار لەتیف، بورهان سەعید سۆفی، ئەحمەد حەمە کەریم (شێخ ئەحمەد نۆکان)، نزار ئامێدی، هاوڕێ دارۆ شێخ نوری، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و قوباد تاڵەبانی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردران.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، خەسرەو گوڵ محەمەد وەک نوێنەری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەستنیشانکرا لە هەرسێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و ئەنجوومەنی پشتیوانی  و بەشداری کۆبوونەوەکانی هەر سێ ئەنجوومەنەکە دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە، لە یەکەم لێدوانی دوای دیاریکردنی بە گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی سێشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەکتەبی سیاسیی یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.

لە پێنجەم رۆژی کۆنگرەکەشدا، لە رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023) کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و 60 ئەندامی نوێ بۆ سەرکردایەتی ئەو حزبە هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە پەسەندکرا.

هەروەها هەر لە رۆژی پێنجەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە لێپرسراوی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا.