ماكسیم رۆبن بۆ كوردستان24: رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ كوردستان24، ماكسیم رۆبن كونسوڵی گشتی رووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری تەواوی کێشەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.

كونسوڵی گشتی رووسیا له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها گوتیشی: "سبەی محەممه‌د شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی ئێراق بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە مۆسکۆ".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، عێراق و رووسیا پەیوەندی لەمێژینەیی و  دۆستانەیان هەیە، هاوئاھەنگی چڕ و پڕ لە زۆر بواری جیادا هەیە.

زیاتر روونیكرده‌وه‌، هەڵوێست و پێگەمان لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا له‌گه‌ڵ عێراق لە یەکەوە نزیکە، سبەی دەرفەتە بۆ گفتوگۆکردن لەمەڕ  داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان و رووسیا و عێراق.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هەرچی پەیوەستە بە په‌یوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێرەوە، ئەوا رووسیا پشتیوانی لە چارەسەری تەواوی کێشەکان و بابەتە مشتومڕئامێزەکان دەکات، بە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆ، چونکە بە سوودی خەڵکی عێراق خۆیەتی بەر لە هەمووان.

سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌وه‌ كۆشكی كرملین رایگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا سبه‌ی سێشه‌ممه‌ پێشوازی له‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات و بارودۆخ و پێشهاته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان رووسیا و عێراق تاووتوێ ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكردووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ پوتن و سوودانی چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی گشتی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و پرسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ن.