محەممەد زراری: دوای تەواوبوونی وردبینی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم هیچ بیانووێک بۆ بەغدا نامێنێتەوە

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان
محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچ بیانووێک بۆ بەغدا نامێنێتەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت.

محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەستمان بەو پرۆسەیە کردووە کە بگەیەنە ئەو راستیەی کە چەند فەرمانبەر، لە گرێبەست و میلاک لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها بەغدا دەیانەوێت بزانن کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چەندە.

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، دیوانی چاودێری عێراق لە ساڵانی 2018، 2019 ،2020 و 2021 هاتوونە بۆ هەرێمی کوردستان وردبینیان لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە و هەموو داتاکانیان لەلایە، هەروەها فشارێکی سیاسی لە بەغدا لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆیە ناتوانێت راستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

هاوکات دەشڵێت: دوای تەواوبوونی وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ بیانووێک بۆ حکومەتی عێراق نامێنێتەوە کە مووچە نەنێرێت.

محەممەد زراری، ئاماژەی بەوەدا، لە 17ـی 10 راپۆرتی وردبینیەکە تەواو دەبێت کە لیژنەی دیوانی چاودێری عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر دەکەن، هەردوولا ئەم کارە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدەن.

بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، وردبینی ئەمجارەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە جارانی پێشوو زۆر جیاوازە، چونکە ئەم جارە بڕیارێکی تایبەتی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ دەرچووە کە دەبێت ئەو وردبینییە ئەنجامبدرێت، هەروەها دەبێت لەماوەی مانگێك کەمتر ئەو پڕۆسەی وردبینیکردنە تەواو بێت.

محەممەد زراری، گوتی: دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەیەوێت بزانێت کۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چەندە لەدوای ئەوەی کە ئەنجامەکەیان بۆ ئاشکرا دەبێت ئەو کات هیچ بیانووێک نامێنێت بۆ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرن، ئەگەر هەندێک تێبینیش هەبێت کێشە لەسەر پرۆسەکە دروست نابێت.

رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی، ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی دەربڕی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی داتا و زانیارییەکان لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی هەردوولا.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەمەبەستی جێبەجێکردنی دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە وردبینی لە ژمارە و داتای مووچەخۆانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان راپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.