یەکێتی ئەوروپا لە بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە پاشگەز دەبێتەوە

دیمەنێکی غەززە - فۆتۆ: AA
دیمەنێکی غەززە - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر

یەکێتی ئەوروپا لەبارەی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە رایگەیاند، هیچ هەنگاوێک بۆ راگرتنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە نانێن، لە کاتێکدا پێشتر رایگەیاندبوو هاوکارییەکانیان بۆ کەرتی غەززە رادەگرن.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، لە ئێستادا هیچ هەنگاوێک بۆ راگرتنی هاوکاری مرۆیی و لۆجیستییەکان بۆ کەرتی غەززە هەڵناگرن و ناردنی هاوکارییەکان بەردەوامیان دەبێت.

لە راگەیەندراوەکەدا یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوان گەورەترین دابینکەری هاوکارن بۆ کەرتی غەززە و بەهای ئەو هاوکارییانەی ساڵانە بۆ ئەو شارەی دەنێرن 691 ملیۆن دۆلارە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئۆلیڤەر ڤارهێڵی کۆمسیاری کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە سەرجەم هاوکارییە مرۆی و داراییەکانی بەهۆی شەڕی حەماس-ئیسرائیلەوە بۆ کەرتی ‌غەززە رابگرێت.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو دۆخە مرۆییەی بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ی ئەم مانگەوە هاتووەتە ئاراوە، جگە لە کوژران و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی کەرتی غەززە ئەوانی دیکەشیان لە دۆخێکی خراپدان.