ئینفۆگرافیک.. سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر

لە هێرشە مووشەکییەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە پێنج هەزار مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران، یەکێک لەو شتانەی بووەتە جێی سەرنج و پرسیار سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلە.

سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل کە بە Irom dome ناسراوە، لە سێ بەش پێکهاتووە رادار، کۆنترۆڵ و بەشی پێکانی ئامانج، دەتوانێت بەرپەرچی هەر هێرشێکی مووشەکی دوورمەودا و کورتمەودا بداتەوە، کە دەکرێتە سەر ئیسرائیل.

سیستەمی ئاسمانی ئیسرائیل لە سەدا 90ی دەتوانێت ئامانجەکەی بپێکێت، کاری بەشی راداری سیستەمەکە ئەوەیە هێرشەکان ئاشکرا بکات و چاودێری ئاسمانی وڵات دەکات، هەموو ئەو زانیاریانەی وەریدەگرێت دەینێرێتەوە بەشی کۆنترۆڵ.

بەشی کۆنترۆڵی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، ئەو زانیاریانەی لە بەشی رادار پێی دەگات شیکاریان بۆ دەکرێت و هەڵدەسەنگێنرێن، ئەو ئامانجانە دیاری دەکرێن کە مووشەکەکانی لێ ئاراستەی ئاسمانی وڵاتەکە کردووە.

هەروەها بەشی پێکانی ئامانج لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل دەتوانێت ئامانجەکان لە دووری 70 کیلۆمەترەوە بپێکێت.

خاڵە لاوازەکانی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل:

سەرەڕای لایەنە ئەرێنییەکانی، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل خاڵی لاوازیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە لەکاتی هێرشی فراواندا توانای کۆنترۆڵکردنی مووشەکەکانی نییە.