زیرەکی دەستکرد بۆ چارەسەری دەروونی بەکاردەهێنرێت  

K24 - هەولێر

ئەو کەسانەی لە پشت دروستکردنی بەرنامەی "چات جی پی تی"ن دەڵێن، ئەو چاتە دەتوانێت چارەسەری دەروونی بەکارهێنەران بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە رێگەی دەنگەوە، کەسەکە گفتوگۆی سۆزداریی لەگەڵ ئەو "چات جی پی تی"یە ئەنجام دەدات.

لیلیان وۆنگ، بەرپرسی پرسەکانی ئاسایشی AI یە، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا لەپلاتفۆڕمی X نووسیویەتی: "لە رێگەی دەنگەوە گفتوگۆیەکی کەسی زۆر سۆزداریم لەگەڵ "چات جی پی تی" کرد، سەبارەت بە فشار و هاوسەنگی کار و ژیان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی جێگای سەرنجە هەستم بە ئارامی کرد، گوێم لێبوو دڵنەوایی دامەوە. پێشتر هەرگیز ئەو جۆرە چارەسەرەم تاقی نەکردۆتەوە.

گەشەپێدەر و چالاکوانی ئەمەریکی شێر سکارلێت، وەڵامی ئەم لێدوانەی دایەوە و گوتی: دەروونناسی "ئامانجی باشترکردنی تەندروستی دەروونییە و کارێکی قورسە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ناردنی هەستی ئەرێنی بۆ خۆت شتێکی باشە، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە چارەسەرکردنەوە نییە. بەڵام ئایا کارلێککردن لەگەڵ AI دەتوانێت ئەو ئەزموونە ئەرێنییە بەرهەم بهێنێت کە لیلیان وۆنگ باسی دەکات؟

توێژەرانی پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساشوستس و زانکۆی ئەریزۆنا راپرسییەکیان لەسەر بۆچوونی 300 بەشداربوو کرد، بۆ هەندێکیان روونکردەوە کە چاتبۆتەکە هاوسۆزی هەیە، بۆ هەندێکی دیکەش کە دەستکاریکردنە، لەکاتێکدا بە ئەندامانی گروپی سێیەمیان وتووە کە رەفتاری هاوسەنگی هەبووە.

لە ئەنجامدا ئەوانەی پێیانوابوو لەگەڵ یاریدەدەرێکی مەجازی قسە دەکەن، کە دەتوانێت هاوسۆزییان لەگەڵدا هەبێت، قسەکەرەکەیان بە متمانەپێکراو دەزانی.

پات پاتارانتاپۆرن، هاوکارە لە توێژینەوەکە دەڵێت: "بۆمان دەرکەوت کە زیرەکی دەستکرد بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی بەکارهێنەر هەست پێدەکرێت".

بەکارهێنەرانی ئەپی"ریپلیکا" کە ئەپێکی بەناوبانگە و بە دابینکردنی سوودەکانی تەندروستی دەروونی ناسراوە، بە تایبەتی گلەیی ئەوەیان کردووە، کە AI دەتوانێت ببێتە سێکسیست یان دەستکاریکەر.

رێکخراوی ناحکومی ئەمەریکی "کۆکۆ"، کە لە مانگی شوباتدا تاقیکردنەوەیەکی لەسەر چوار هەزار نەخۆش ئەنجامدا کە بە بەکارهێنانی نموونەیەکی زیرەکی دەستکرد "GPT-3" ئامۆژگاری نووسراوی پێداون، هەروەها دانی بەوەدانا کە وەڵامە ئۆتۆماتیکیەکان وەک چارەسەرێک کارناکەن.

رۆب مۆریس، هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیاکە لەپلاتفۆڕمی X ئەنجامی توێژینەوەیەکی پێشووی لەسەر کاریگەری چارەسەری دەروونی راگەیاند و گوتی: هەندێک لە بەشداربووان هەستیان کردووە وەک ئەوەی "قسە لەگەڵ دیواردا بکەن" ئاوایە.

دەیڤید شۆ لە زانکۆی بازل لە سویسرا رایگەیاند، بەم ئەنجامە خراپانە تووشی سەرسوڕمان نەبوون، دەشلیت: "وا دیارە هیچ کام لە بەشداربووان لە گەمژەیی چاتبۆتەکان ئاگادار نەکراونەتەوە".

بەڵام بیرۆکەی پرۆسێسەری ئۆتۆماتیکی شتێکی نوێ نییە. لە ساڵانی شەستەکاندا، یەکەم بەرنامەی لەم جۆرە بۆ ھاوشێوەکردنی چارەسەری دەروونی، بە ناوی "ELISA"، بە بەکارهێنانی شێوازی دەروونناسێکی ئەمەریکی کارل رۆجەرز پەرەی پێدرا.

بەبێ ئەوەی بەڕاستی هیچ تێبگات سەبارەت بەو کێشانەی کە خراونەتەڕوو، بەرنامەکە بە سادەیی باسەکەی بە پرسیارە ستانداردەکان فراوانتر کرد.

جۆزێف وایزنبام، دروستکەری بەرنامەکە، دواتر لەبارەی بەرنامەی پێشووی "چات جی پی تی" نووسیویەتی: "ئەوەی من درکم پێنەکرد ئەوە بوو کە بەرکەوتنی زۆر کورت بە بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریی تاڕادەیەک سادە، کە دەتوانێت پاڵنەری بیرکردنەوەیەکی وەهمی بێت، لە کەسانی ئاساییدا.

مەزندە دەکرێت 800 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەدەست تێکچوونی تەندروستی دەروونییەوە بناڵێنن، هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و شەڕەکان زیاد بکات.

مورالی دورسوامی، مامۆستای پزیشکی دەروونی و زانستە رەفتارییەکان لە زانکۆی "دوک"ـی ئەمەریکا، پشتڕاستی دەکاتەوە کە پسپۆڕی پێویست لەم بوارەدا نییە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی دەروونی بوونە، پرسیاری ئەوەشی کردووە، کە ئایا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد توانای پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەی هەیە؟