لێدوانی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی ناردنی پارەی مووچەخۆران

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، رێککەوتن لەنێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و بەپێی یاسای بودجە دەبێ مانگانە بەغدا 775 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەروەکوەزایرانی عێراق رێککەوتنیان کردووە، کە رێگەجارەیەک بۆ پرسی بودجە و مووچە بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی هەندێک کەس لە بەغدا موزایەدە بەو بابەتەوە نەکەن".

گوتیشی: "لە رووی یاساییەوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی دەبێت مانگانە حکومەتی عێراق 775 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات".

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: "لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا کەس دەسەڵاتی ئەوەی نییە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکات".

سەبارەت بە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "ئەگەر هەر دواکەوتنێک هەبێت ئەوە بەهۆی رێکارە ئیدارییەکانە، دوای رێکارەکان پارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش لێرە وەری دەگرن".