باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق : لە عێراق 24 ئەرکی شوێنەوارناسیمان هەیە کە 11ـیان لە هەرێمی کوردستانە

ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق  به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین و هه‌روه‌ها گوتیشی: "لە عێراق 24 ئەرکی شوێنەوارناسیمان هەیە، کە 11ـیان لە هەرێمی کوردستانە".

ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین، بڕوام وایە ئەمە چەقی پەیوەندی هەولێر و بەغدایە، لە دەرئەنجامەکەی خۆشحاڵبووین و بڕوامان وایە ئەمە هەنگاوی سەرەتایه‌ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی، تا خەڵک سوودی لێوەرگرن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامه‌ی شه‌نگال، ویستێکی بەهێز لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی هەیە، ئەمە بەشێوەیەکی گشتی بۆ خەڵکی عێراق  و هەروەها بۆ ئەو خەڵکەش کە لە شنگال دەژین یان پێشتر لە شنگال دەژیان، زۆر گرنگە.

هه‌روه‌ها ماوریتزیۆ گرێگانتی گوتی: "ئیتاڵیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تەواوی پاڵپشتی لە رێککەوتننامه‌ی شنگال دەکه‌ن".

له‌باره‌ی پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق رایگه‌یاند، "په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر باشن، چەندین ساڵە لە چەندین بواره‌كانی وەک ئابووری، بەرەوپێشچوون، کولتووری و بەرگری بەیەکەوە کارکردنێکی بەهێزمان هەیە، بۆ نموونە مەشق بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەین، گەوهەری پەیوەندییەکانمان لە بواری کولتوور و شوێنەوارناسییە، لە عێراق 24 ئەرکی شوێنەوارناسیمان هەیە کە 11ـیان لە هەرێمی کوردستانە".

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیا له‌ بواره‌كانی سیاسی و كولتووری و سه‌ربازییه‌وه‌، له‌و په‌ڕی باشیدان، جیا له‌وه‌ش چه‌ندین تیمی شوێنه‌وارناسی ئیتاڵی له‌هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تی هه‌رێم كارده‌كه‌ن.