"كریستیانۆ ده‌یه‌وێت چیرۆكی مێسی دووباره‌ بكاته‌وه‌"

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا و كریستیانۆ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال
لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا و كریستیانۆ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال

کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێک لە خەونە گەورەکانی، بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالە لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دۆن ئامادەیە لە پێناو بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعوودی نوێ بکاتەوە، ئەو کاتە تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ.

هەرچەندە تەمەنی نزیکە لە کۆتاییەکانی کاروانی وەرزشی، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ نایەوێت بەم زووانە واز لە یاریکردن بێنێت و پێدەچێت ئەو یاریزانە خەونی زیاتری هەبێت.

رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەکان ناسناو نەماوە بەدەستی نەهێنێت، لەگەڵ هەڵبژاردەکەشی دوو ناسناوی یۆرۆ و خولی نەتەوەکانی ئەوروپای بردووەتەوە، بەڵام ئەوەی خاوەنی پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر خەونی گەورەی پێوە دەبینێت، بەدەستهێنانی ناسناوی مۆندیالە.

رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرای کردووە، دۆن دەیەوێت بەشداری مۆندیالی 2026 بکات، کە بڕیارە دوای نزیکەی سێ ساڵی دیکە بەڕێوەبچێت، ئەو کات کریس تەمەنی دەبێتە 41 ساڵ و زۆرێک پێیانوایە تا ئەو کاتە ئەستەمە لە توانایدا بێت بەردەوام بێت لە یاریکردن.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی نەسڕی سعوودی بەرپرسانی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو ئامادەیە گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکەش لەگەڵ یانەکەی نوێ بکاتەوە، واتە دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2027 لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.

رۆناڵدۆ دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد تووشی کێشە بوو، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە هەڵوەشاندەوە و بۆ ماوەی دوو وەرز و بە مووچەیەکی خەیاڵی تاوەکو ساڵی 2025 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی نەسڕی سعوودی واژۆ کرد.

ئامانجی کریستیانۆ لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ، پارێزگاری کردنە لە توانا جەستەییەکانی بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداری مۆندیالی داهاتووش بکات، کە بڕیارە لە ساڵی 2026 بکرێت و رەنگە بەرپرسانی یانە سعوودیەکەش بەهۆی ئاستبەرزی دۆنەوە، پێشوازی لەو پێشنیارەی بکەن.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ پێشتر بەشداری پێنج مۆندیالی کردووە، لە کۆی ئەو پێنج مۆندیالەی بەشداری کردووە خاوەنی هەشت گۆڵ و دوو ئاسیستە و هەرگیز نەیتوانیوە ناسناوەکە بباتەوە، باشترین دەستکەوتیشی لە مێژووی مۆندیال بەدەستهێنانی پلەی چوارەمی مۆندیالی 2006 بووە.