مەسرور بارزانی: هەژماری من ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "پڕۆژەی هەژماری من ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە، رێگریکردن لە گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە". دەشڵێت، "ئومێدمان وایە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ پڕۆسەکە هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی تۆمارکردن لە پرۆژەی (هەژماری من) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر بەسەرکردەوە و لە گوتارێکدا رایگەیاند: "بێگومان هەژماری من ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوازییە بانکیانەی کە هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێوەربگرن".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی هەژماری من ئێستا لە هەولێر دەستپێدەکات، "بەڵام لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانیش دیسان ئەو پڕۆسەیە دەکەوێتە کار کە هیوادارین هەموو فەرمانبەران هەروەکو باسمکرد لە کەمتر لە دوو ساڵ بتوانن سوودمەندبن لەو پڕۆسەیە. تاوەکو ئێستا سێ بانکی هەرێمی کوردستان بەشدارن و هەندێک بانکی تریش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکەن. ئەمە سوودێکی زۆر بۆ بانکەکانیش دەهێنێت و بێگومان فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان خەڵکی تریش لە کەرتی تایبەت دەتوانن سوودمەندبن هەر وەک باسم کرد".

تاوەکو ئێستا ناوی 65 هەزار کەس لە پڕۆسەی (هەژماری من) تۆمارکراوە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: "ئومێدمان وایە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ پڕۆسەکە هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە کە لەگەڵ بانکەکانیش رێکبکەوین کەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پڕۆسەیەوە".  

وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی لەسەر هێڵین. خۆم چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەمکردووە و بۆیانم باسکردووە کە ئەمە وەکو پڕۆژەی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەرکەتووبێت، هەموو عێراق دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆشبووە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کردووین و پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیوە".

بە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ئەمە (پڕۆژەی هەژماری من) ئاسانکارییەکی زۆر دەکات لە كڕین و مامەڵەی رۆژانە بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە هەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی زۆریش دەبێت بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و سپیکردنەوە و پێدانی مووچەش لەکاتی خۆی". 

مەبەست لە بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی باسی دەکات،  "دروستکردنی ژێرخانێکی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان کە بانکەکان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە خەڵکی لە شوێنە پێشکەوتووەکان لە خزمەتگوزارییە بانکەکان وەردەگرن لێرە لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی ئێمە بتوانێت سوودمەندبێت لەو خزمەتگوزارییانەی بانکەکان پێشکەشی دەکەن و بێگومان سوودی بۆ بانکەکانیش دەبێت، چونکە سەرمایەیەکی زۆر بۆ بانکەکان دەگەڕێتەوە".

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم بڕیاری ئەوەمانداوە، کە بەرنامەی هەژماری من دروستبکەین بۆ ئاسانکاریکردنی پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان،  دواتر بۆ هەموو کەرتی تایبەتیش ئەمە بگرێتەوە، کە بێگومان ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ پێدانی مووچە و ئەو خزمەتگوزارییە بانکییانەی کە هەموو هاووڵاتییان دەتوانن سوودی لێ ببینن.

ئەم پڕۆژەیە لە چەندین قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم لە سەرەتاوە بۆ تاقیکردنەوە بوو کە لە نەخۆشخانەیەکەوە دەستمانپێکرد پێش چەند مانگێک و تاکو ئێستا بە ئەو پڕۆژەیە بەسەرکەوتوویی بەردەوامە. دوای ئەمە قۆناغی دووەم ئەوە بووە، کە بە فەرمی ئێستا ئێمە رایدەگەیەنین، کە پڕۆسەی هەژماری من بکەوێتە کار، کە لە 3ـی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا 65  هەزار کەس تۆمارکراون، خەریکە ئێمە لێرەوە سەردانی یەکێک لە بنکەکان دەکەین کە چۆن تۆماری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئێمە ئومێدمان وایە کە کەمتر لە دوو ساڵ هەموو فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵی ئەوەشمان داوە کە لەگەڵ بانکەکانیش رێکبکەوین کەرتی تایبەتیش بخرێتە ئەم پڕۆسەیەوە.  

ئێستا لە هەولێر دەستپێدەکەن، بەڵام لە ماوەیەکی زوو لە دهۆک و سلێمانیش دیسان ئەو پڕۆسەیە دەکەوێتە کار کە هیوادارین هەموو فەرمانبەران هەروەکو باسمکرد لە کەمتر لە دوو ساڵ بتوانن سوودمەندبن لەو پڕۆسەیە. تاوەکو ئێستا سێ بانکی هەرێمی کوردستان بەشدارن و هەندێک بانکی تریش لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکەن. ئەمە سوودێکی زۆر بۆ بانکەکانیش دەهێنێت و بێگومان فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان خەڵکی تریش لە کەرتی تایبەت دەتوانن سوودمەندبن هەر وەک باسم کرد.

لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانەی کە تۆماردەکرێن کارتیان پێ دەدرێت لەلایەن بانکەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە بانکەکانی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئەوەی کارتیشی هەیە پێویستە شوێنێک هەبێت کارتەکەی بخوێنێتەوە. لەبەرئەوە ئێمە بەرنامەی حکومەتیشمان ئەوەیە کە لەگەڵ هەموو ئەو شوێنانەی کە پێویستە هەم رێگەی ATMـە بۆ ڕاکێشانی پارە یانیش خوێندنەوەی ئامرازی خوێندنەوەی کارتی فەرمانبەرانە هی مووچەخۆرانە ئەوانەی خاوەن کارتی بانکین بتوانن بەشێوەی کارت نەک بە شێوەی کاش ئیش و کاری خۆیان پێ ڕاپەرێنن.

ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات لە كڕین و مامەڵەی رۆژانە بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لەهەمان کاتدا یارمەتیدەرێکی زۆریش دەبێت بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و سپیکردنەوە و پێدانی مووچەش لەکاتی خۆی و ئینشائەڵڵا ئەم کێشەیە ئیتر بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەواوبێت.  

ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ پارێزگاری بانکی مەرکەزیی عێراقی لەسەر خەتین. خۆم چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەمکردووە و بۆیانم باسکردووە کە ئەمە وەکو پڕۆژەی هەرێمی کوردستان ئەگەر سەرکەتووبێت، هەموو عێراق دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. ئەوانیش زۆریان پێ خۆشبووە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ کردووین و پشتیوانی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیوە. من لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بکەم کە پشتیوان و بە ڕاستی جێی دەستی دیارە و پشتیوانی ئەم پڕۆسەیە بووە. هەروەها ئەو بەڕێزانەی لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیران لەسەر ئەم پڕۆژەیە کارێکی زۆر جیددییان کردووە. بەشی زانیاری و تەکنەلۆژیا – IT لە حکومەتی هەرێم کە ئەوانیش دەورێکی زۆریان بینیوە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

هیوادارم کە ئەم پڕۆسەیە لە ماوەیەکی کورتدا ئیتر هەموو فەرمانبەران بگرێتەوە و لەماوەیەکی نزیکیشدا کەرتی تایبەتیش بێتە ناو ئەم پڕۆسەیە و ئەمە یارمەتییەکی تریش دەدات بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران، چونکە لەوانەیە هەموو کەسێک پێی خۆش نەبێت کاش لەگەڵ خۆی بهێنێت، بەڵام ئەگەر کارتی پێبێت لێرەش کارتەکەی بتوانێت بخوێندرێتەوە و بتوانێ ئیشی پێ بکات و ئەو خزمەتگوزارییانەی بانک هەیەتی بتوانێ بۆیان جێبەجێ بکات، بێگومان ئەمە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت بۆ ڕاکێشانی زیاتری گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان.

من جارێکی تر دەستخۆشی لەم تیمانە دەکەم و هیوادارم هەموو ئەو بەڕێزانەی کە بەشداردەبن لەم پڕۆسەیە سوودمەندبن. بێگومان تەنیا بابەتی پێدانی مووچە نییە. من دەمەوێت ئەوەش بە هاووڵاتییانی خۆشەویست رابگەیەنم کە سیستمی بانکی یان بە دیجیتاڵکردنی سیستمی بانکی  ئەمە دروستکردنی ژێرخانێکی سەقامگیری ئابوورییە بۆ هەرێمی کوردستان کە بانکەکان دەتوانن زۆربەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە خەڵکی لە شوێنە پێشکەوتووەکان لە خزمەتگوزارییە بانکەکان وەردەگرن لێرە لە هەرێمی کوردستانیش خەڵکی ئێمە بتوانێت سوودمەندبێت لەو خزمەتگوزارییانەی بانکەکان پێشکەشی دەکەن و بێگومان سوودی بۆ بانکەکانیش دەبێت، چونکە سەرمایەیەکی زۆر بۆ بانکەکان دەگەڕێتەوە.

جارێکی تر من دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن.