ئەنجومەنی وەزیران وردبینیکردنی ژمارەى مووچەخۆران تاوتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - ئەرشیف
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە،و پرسی وردبینیکردنی ژمارەى مووچەخۆران و دەستپێکردنەوەى ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە تاوتوێ دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ دەبێتەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا دواهەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی وردبینیکردنی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی داراییی فیدڕاڵی و هەرێم دەخرێتە ڕوو.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم پرسە لە نێوان عێراق و تورکیا باس و گفتوگۆی لێوە دەکرێت.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕەوشی پێكهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.