نێچیرڤان بارزانی: چارەسەری كێشەكانی عێراق جێبەجێكردنی سیستمی فیدراڵییه‌

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی عێراق بە گشتی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە، چەسپاندن و جێبەجێكردنی دروستی سیستمی فیدراڵییه‌".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە  11ـی ئۆکتۆبەری 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە، میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "نێچیرڤان بارزانی جەختی كردەوە كە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەكانی عێراق بە گشتی و سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی عێراق، چەسپاندن و جێبەجێكردنی دروستی سیستمی فیدراڵییه‌ و شاندی میوانیش هاوڕای بوون."

ئاماژە بەوەش کراوە، شاندی میوان پشتگریی خۆیان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بەتایبەت لە چارەسەری كێشە سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێوان هەردوولا و هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریكی تا لە عێراق و هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن، دووپات كردەوە.

پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

 

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا