هەڵوێستێکی عیسام شەواڵی لەبارەی فەڵەستین بی ئین سپۆرتسی هێنایە دەنگ

عیسام شەواڵی
عیسام شەواڵی

هەڵوێستێکی عیسام شەواڵی لەبارەی شەڕی فەڵەستین و ئیسرائیل بووە هۆی ئەوەی کەناڵی بی ئین سپۆرتس بێتە دەنگ و ئاگادارییەک بە پێشکەشکار و کۆمێنتارەکانی بدات.

ماڵپەڕی زە ئەتلەتیکی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی لە دەستپێکی یاریی ئارسێناڵ و مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگ، عیسام شەواڵی کۆمێنتاری بەناوبانگی توونسی بەوپەڕی لایەنگیرییەوە باسی هێرشەکەی فەڵەستینی بۆ سەر ئیسرائیل کرد، کەناڵە قەتەرییەکە ئاگادارییەکی بە کارمەندەکانی داوە و داوای لە عیسام کردووە خۆی لەو لایەنگیرییە دووربخاتەوە.

گوتەبێژی کەناڵی بی ئین سپۆرتس لە لێدوانێکی بە ماڵپەڕی زە ئەتلەتیکی راگەیاندووە:ئێمە گروپێکی میدیایی جیهانین، بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی توندوتیژی و ململانێیەکان دەکەین، بەڵام ئێمە لە هەموو رووێکەوە بەرگری لە کلتور و زمانی زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان دەکەین کە کارییان تیادا دەکەین، سیاسەتی ئێمە تەنیا گرنگی بە وەرزش دەدات و پێداگیری لەسەر بێ لایەنی دەکەین، پێویستە کارمەندەکانمان پێیەوە پابەند بن'.

کەناڵە مۆرەکە سەرجەم کارمەندەکانی راسپاردووە، بەهیچ شێوەیەک بۆچوونی سیاسی نەدەن و جگە لە وەرزش هیچ بۆچوونێک لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین نەدەن.

گەرچی بی ئین سپۆرتس داوای لە عیسام شەواڵی کردووە ئەو پۆستەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کردوویەتی بیسڕێتەوە، بەڵام زیاتر لە 48 کاتژمێرە ئەو پۆستە کراوە و ڤیدیۆیەکە زیاتر لە ملیۆنێک بینەری هەبووە و تاوەکو ئێستا کۆمێنتارە توونسییەکە نەیسڕیوەتەوە.

کەناڵی بی ئین سپۆرتس ساڵی 2003 دامەزراوە، سەرەتا لەژێر ناوی ئەلجەزیرە سپۆرت دامەزرا و ساڵی 2014 ناوەکەی بۆ بی ئین سپۆرتس گۆڕا، کەناڵەکە بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیسپانی پەخشی لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان دەکات.