موسەننا ئەمین: هەندێک کەس لەرێگەی پرسی مووچەوە رێکلام بۆ خۆیان دەکەن

موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت "بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بێت" و دەڵێت، "هەندێک کەس پرسی مووچە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی رێکلام بۆ خۆیان بکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی ئۆکتۆبەری 2023، موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "مادام نەوتی کوردستان بەدەست حکومەتی عێراقە، پێویستە حکومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی دەستووری و یاسایی بێت و پێچەوانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەبێت".

وەکو ئەوەی موسەننا ئەمین باسی دەکات، هەندێک کەس لە رێگەی بابەتی مووچەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە رێکلام بۆ خۆیان دەکەن و هەوڵدەدەن هەست و سۆزی هاووڵاتییان بۆ خۆیان ڕابکێشن و نایانەوێت کێشەی مووچە چارەسەرببێت.

موسەننا ئەمین، کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق؛ بە پێویستی دەزانێت "بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان بێت و  تێكه‌ڵی كێشه‌ و ململانێكان نه‌كرێت".