وه‌زیری وزه‌ی ئێران بۆ كوردستان24: ئۆپێک سنووری بۆ نرخی سووتەمەنی له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا دانا

K24 - مۆسكۆ:

جەواد ئەوجی، وەزیری وزەی ئێران لە لێدوانێكیدا بە كوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەی ئۆپێک و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە بۆ دانانی سنوورێک بوو بۆ نرخی سووتەمەنی. گوتیشی: "خۆشبەختانە یەکگرتووییەکی باش بەدی دەکرێت، ئەمەش سوودی گرنگی دەبێت بۆ بازاڕەكانی جیھان".

وەزیری وزەی ئێران هه‌روه‌ها گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەندامانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵاس لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوایەدا هەنگاوی باشیان گرتووەتەبەر، کە لە بەرژەوەندی وڵاتانی بەرهەمهێن و وڵاتانی هەناردەکارە".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هەر وڵاتێک بیەوێت پێگەی لە گەشەی ئابووریدا هەبێت، ئەگەر نرخی وزە جێگیر نەبێت، ئەوا رووبەڕووی کێشەی نرخی وزە دەبێتەوە، چونکە کاریگەری بەسەر گەشەی ئابووری وڵاتەکەوە دەبێت.

وه‌زیری وزه‌ی ئێران دووپاتیشیكرده‌وه‌، بەدڵنیاییەوە هەنگاوەکانی دوو ساڵی رابردووی ئەندامانی ئۆپێک و ئۆپێک پڵاس کاریگەری باشییان هەبووە لە جێگیرکردنی نرخ، کە لەبەرژەوەندی ئەو وڵاتانەیە لە قۆناغی گەشەسەندنن.

ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت - ئۆپێک لە نوێترین راپۆرتی مانگانەی خۆیدا پێشتر ئاشکرایکردبوو، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئۆپێکدا بڵاوکراوەتەوە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران رۆژانە 143 هەزار بەرمیل زیادیکردووە و گەیشتووەتە سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل.

ئێران بەر لە دەرچوونی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی رۆژانە سێ ملیۆن و 820 و هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم ده‌هێنا.

لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە بۆسه‌ر ئێران، بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ کەمتر لە دوو ملیۆن بەرمیل دابەزی.