وەزیری وزەی رووسیا بۆ کوردستان24: مانگی 11 یان 12 سەردانی بەغدا دەکەین و بابەتی پەیوەست بە وزە تاووتوێ دەکەین

نیکۆلای شولگینۆڤی، وەزیری وزەی رووسیا.
نیکۆلای شولگینۆڤی، وەزیری وزەی رووسیا.

K24 - رووسیا:

نیکۆلای شولگینۆڤی، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، سەرەڕای سزاکانی خراونەتە سەرمان، ئێمە بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا سەردەکەوین و لە ئێستادا ئاراستەی بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان گۆڕیوە بەرەو وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023)، نیکۆلای شولگینۆڤی، وەزیری وزەی رووسیا لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و عێراق لە بواری وزە و بەردەوامی کارکردنی کۆمپانیا رووسییەکان لە عێراقدا لە لێدوانێکی تایبەت بەکوردستان24ـی رایگەیاند، سەبارەت بە عێراق ئێمە لیژنەی هاوبەشمان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە، مانگی 11 یاخود مانگی 12ـی ئەمساڵ سەردانی بەغدا دەکەن، بابەتی پەیوەست تاووتوێ دەکرێن و دەگەینە رێککەوتن لەسەریان.

وەزیری وزەی رووسیا، ئاماژەی بەوەدا، پاش دیداری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئێمە ئامادەیی بەغدامان بینی بۆ درێژەدان بە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لە داهاتوودا.

رۆژی سێشەممە (10ـی تشرینی یەکەمی 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەلایەن میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشوازی لێکرا.

سوودانی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و رایگەیاند، سەردانەکەمان بۆ مۆسکۆ بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و رووسیایە

نیکۆلای شولگینۆڤی، باسی لە بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمە رووسیاکانی کرد و گوتی: "ئێمە ئاراستەی بازاڕی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان گۆڕیوە بەرەو وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها نەخشەی وزە هەندێ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە".

لە درێژە قەسەکانیشیدا لەبارەی وزە، گوتیشی: لەگەڵ ئەو وڵاتانە کاردەکەین کە پەیوەندی وزەمان لەگەڵیاندا هەیە، "ئێمە بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا سەردەکەوین و لە ئێستادا کۆی داهاتی ناوخۆ زیادیکردووە، دەرهێنانی سەرچاوە وزەییەکان زیاترە لە جاران، گرنگە ئێستا بتوانین بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمەکان بکەینەوە".