باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق: 30 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتییان پێنەدراوە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق

كريستيانه‌ هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق.
كريستيانه‌ هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق.

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، دەڵێت: حکومەتی ئەڵمانیا دەرفەتی هاتنی یاسایی بۆ وڵاتەکە زیاد کردووە، هاوکات گوتیشی: 30 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا داواکارییان بۆ مافی پەنابەرێتی رەتکراوەتەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە دیداری مێری لەبارەی کێشەی کۆچبەرانی عێراقی کە لە وڵاتی ئەڵمانیان، پرسیار لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات و دەڵێت: بڕوام وایە نزیکەی 30 هەزار عێراقی لە ئەڵمانیا کە خۆیان بۆ پەنابەری تۆمارکردبوو، داواکارییەکەیان رەتکرایەوە، ئایا دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق؟، لە وەڵامدا كريستيانه‌ هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی: "بەڵێ راستە نزیکەی 30 هەزار عێراقی مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا پێنەدراوە و دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و ژمارەیەکیشیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام ئەمە بەشی دووەمیشی هەیە، چونکە دەرفەتی هاتنی یاساییمان بۆ ئەڵمانیا زیاد کردووە ئەگەر کارت هەبێت و دەتوانیت وەک دەستی کار بگەڕێیتەوە، واتا شەقامێکی دوو ئاراستەییە".

ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو لە وڵاتی ئەڵمانیا تا کۆتایی ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن پەنابەری تێپەڕاندووە. یەک لەسەر سێی ئەوانەش خەڵکی ئۆکراینین و لە دوای ئەوانیش سووریین. زۆربەی ئەو داواکارییانەی کە لە ماوەی ساڵی 2022ـدا پێشکەشکرابوون بۆ پەنابەری وەرگیراون، لە بەرامبەردا 255 هەزار کەس ناچاربوون ئەڵمانیا بەجێبهێڵن دوای ئەوەی داواکاری مافی پەنابەرێتییان رەتکرایەوە.

رۆبێرت هابێک وەزیری ئابووری ئەڵمانیا پێشتر لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو، زۆرێک لە شارەوانییەکانی ئەڵمانیا چیتر ناتوانن شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانە دابین بکەن کە دەگەنە ئەو وڵاتە.